ڕاگەیێندراوێكی سەربازی لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان

ڕاگەیێندراوێكی سەربازی لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان
سەرچاوەیەکی سەربازی لە فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند کە، تۆپخانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەمڕۆ زۆر بەچڕی مۆڵگەو بارەگاکانی تیرۆریستانی داعشانیان لەنێو شاری مووسڵ بۆردومان کرد و، زیانی گەورەیان پێگەیاندن.

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

پاش ئەوەی ڕۆژی یەكشەممە 15ـی 3ـی 2015 تیرۆریستانی داعش بە مەبەستی دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەناو خەڵك چەند مووشەكێكی كاتیۆشایان بەشێوەیەكی كوێرانە ئاراستەی ڕۆژئاوای هەولێر كرد، هێزی پشتیوانی و تۆپخانەی پێشمەرگە لە وەڵامی ئەو هەوڵە ترسنۆكانەی تیرۆریستانی داعش ئەمڕۆ 16ـی 3ـی 2015 زۆر بە چڕی مۆڵگە و بارەگاكانی تیرۆریستانی داعشیان لەنێو شاری مووسڵ بوردومان كرد و زیانێكی گەورەیان بە تیرۆریستان گەیاند. لە ئەنجامی ئەم بوردومانەی هێزی تۆپخانەی پێشمەرگەی كوردستان ژمارەیەكیی زۆری تیرۆریستان كوژراون و سەنگەر و بارەگا و ئۆتۆمۆبێل و ئامێری سەربازییان تێكشكێندراون. ئەم هێرشەی تۆپخانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نامەیەكی بەهێزە بۆ تیرۆریستانی داعش و با تیرۆریستانی داعش بزانن كە هەر جۆرە هەوڵ و دەستدرێژییان بۆ سەر خاكی كوردستان و ئاساییشی هاووڵاتیان بە توندترین شێوە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەڵام دەدرێتەوە. هاووڵاتی و خەڵكی سڤیلی دانیشتووی شاری موسڵیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە ئاگری هێزی پێشمەرگە تەنیا بارەگا و مۆڵگەكانی داعش دەكاتە ئامانج و ژیان و سەروماڵیان لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە پارێزراو دەبێت.


سەرچاوەیەكی سەربازی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان
16ـی 3ـی 2015


Top