تائێستا حساب بۆ ئەوە نەكراوە دوای گرتنەوەی موسڵ چ لایەنێك باڵا دەست دەبێت، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە

تائێستا حساب بۆ ئەوە نەكراوە دوای گرتنەوەی موسڵ چ لایەنێك باڵا دەست دەبێت، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دیڤید پۆلۆك پسپۆڕ و تایبەتمەند لەسەر پرسی كوردستان و عێراق بۆ گوتى: ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئەوەیە هێزگەلێكی جیاواز لە چەند بەشێكی جیاوازی وڵاتەكەدا شەڕ دەكەن لە پارێزگاكانی سەلاحەددین، یان دیالە، هەروەها لە چەند بەشێكی ئەنباریش لە داهاتوودا، وەك روممادی و فەللوجە. میلیشیاكان بوونەتە پێویستییەك بۆ شەڕكردن لە دژی داعش. پێموایە دانیشتووانە مەحەلییەكە -تەنانەت عەرەبی سوننە-، ئامادەیی قبووڵكردنی دەبن وەك بەدیلێك بۆ ژیان لە سایەی داعشدا. تاوەكو میلیشیاكان هەڵسوكەوتی گونجاو بكەن و تاوەكو خۆیان بە دوور بگرن لە كردنی خەڵك بە قوربانی و ئەوەی پێی دەوترێت « پاكتاوی ئیتنی»، واتە دەرپەڕاندنی ئەو خەڵكانەی سەر بە گرووپێكی جیاوازن لە ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام لە بەشەكانی دیكەدا- كە پێموایە ئەمەیە نوجەیفی هۆشداری داوە لە بارەیەوە- كە دانیشتووانەكەی پێكهاتوون لە عەرەبی سوننە، یاخود لە كوردەكان، وەك موسڵ و كەركووك، ئەوا پێویستە میلیشیاكان خۆیان بە دوور بگرن لەم ناوچانە، چونكە ئەگەری ئەوە هەیە ببێتەهۆی ترساندن و تووڕەكردنی خەڵكەكە و رەنگە پێویستیش نەبێت. هیوادارین كاتێك شەڕە گەورەكە بۆ رزگاركردنی موسڵ ئەنجام دەدرێت.

دیڤید پۆلۆك هەروەها گوتی: چەند هەزار عێراقییەك وەك میلیشیا هەن لە سووریا كە شەڕ بۆ رژێمەكەی ئەسەد دەكەن، ئیدی «عەسائیبی ئەهلی حەق» بن، یان « لیوای ئەبو فەزل ئەلعەباس) میلیشیاكانی دیكەی شیعەی عێراقی دەچنە سووریا و شەڕ لە دژی داعش دەكەن، بەڵام بە هەمان شێوە شەڕ لە دژی موعارەزەی سوننەی میانڕەو دەكەن، –ئەو موعارەزەیەی بەرهەڵستكاری رژێمەكەی ئەسەد دەكات-، ئەم كارەش پێكەوە لەگەڵ ئێران و حزبوڵڵا دەكەن. ئەمەش كێشەیەكی زۆر زۆر گەورەیە- هەروەك ئێوە ئاماژەی پێدەكەن- بۆ وڵاتە عەرەبیەكانی كەنداو كە پشتیوانی موعارەزەی سوننە دەكەن لە سووریا، هەروەها ئەمە كێشەیە بۆ ئەمریكاش، چونكە ئێمەش بەرهەڵستی ئەسەد دەكەین و هەوڵ دەدەین بەدیلێكی میانڕەوی- كە جیهادی نەبێت و توندڕەوە نەبێت- بۆ بدۆزینەوە. بەڵام كاتێك دەبینین ئەو شیعە بیانییانە لە سووریا شەڕ دەكەن، ئەمە وا دەكات ئەم كارە نزیك بێت لە مەحاڵەوە. راسپاردەی من ئەوەیە عێراق دەست لە سووریا هەڵگرێت و تەركیز لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی خۆی بكاتەوە، كە كێشەی دژوارن، باوەڕم وایە رەوشەكە بۆ هەموو لایەك خراپتر دەبێت، ئەگەر عێراقییەكان بەرەو سووریا سنوور ببەزێنن، بوونی دوژمنێكی هاوبەش (داعش) پاساوێك نییە بۆ ئەوەی عێراق لە سووریاوە تێوەبگلێت لە بەرژەوەندەی رژێمەكەی ئەسەد.

شايانى باسه پۆلۆك هەروەها گوتی: : من تێناگەم بۆچی تا ئێستا پرسی بودجە وەك كێشەیەك ماوەتەوە. پێموایە رێككەوتنێك هاتەئاراوە لە مانگی كانوونی یەكەمدا، بڕیار نەبوو ئەمە وەك كێشە بمێنێتەوە. دەزانم رێككەوتنەكە كاتی بوو، بۆ چەند مانگێك بوو، پێویستی بە رێككەوتنی نوێ هەبوو، پێموایە ئومێدێك هەیە، لەبەر ئەوەی حكومەتێكی جیاواز هەیە لە بەغدا، ئێستا عەبادی لە جێی مالیكییە و كەسانێكی نوێ بوونەتە وەزیری نەوت و وەزیری دارایی، ئەمە مایەی هاندانە، بەڵام ئەو راستییەی كە هێشتا بەڵێنەكانی خۆیان نابەنە سەر مایەی ناڕەحەتیەكی زۆرە. ئەگەر بە راشكاوی بدوێم ئەوا هەرێمی كوردستان بژاردەی دیكەی نییە جگە لە پێكەوەكاركردن لەگەڵ بەغدا و هێشتا دوژمنێكی هاوبەشی زۆر مەترسیدارتان هەیە كە بریتییە لە داعش و توندڕەوەكانی دیكە، لەبەر ئەوەی راسپاردەی من ئەوەیە حكومەتی بەغدا بەڵێنەكانی خۆی بباتەسەر لەبەرامبەر هەرێمی كوردستاندا و راسپاردەشم بۆ هەرێمی كوردستان ئەوەیە ئارام بگرێت و كار و كۆششی سەخت، بەڵام بێدەنگانە كار بكات بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا، پێموایە ئەوە رێگەی بەرەوپێشچوونە.

لە كۆتایی قسەكانیدا دیڤید گوتی: پێموایە ئەمریكا سوپاسگوزارە و رێزی هەیە بۆ ئەو كارەی هەرێمی كوردستان دەیكات لە بەرامبەر شەڕكردنیدا لە دژی داعش، كورد تاكە شەریك نین، بەڵام شەریكێكی زۆر گرنگن بۆ ئەمریكا و سەرجەم جیهان كە هەوڵ دەدەن هاوپەیمانێتیەك لە دژی توندڕەوەكان پێكبهێنن. من هیوای خۆشبەختیتان بۆ دەخوازم، پێش چەند مانگێك لە هەولێر بووم و ئومێد دەكەم زوو بێمەوە و بە سەلامەت و سەركەوتوویی بیبینمەوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1018)
Top