کۆنسووڵی ئەمەریکا لەسەر مەزاری نەمران: پاشەڕۆژی هەرێمی کوردستان گەش دەبێ
ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان (هێمن هەورامی) و کۆنسووڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر (جۆزێف پینینگنتۆن) سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد.
بە گەیشتنیان لە لایەن شێخ (خەڵات بارزانی) نوێنەری سەرۆك (مەسعوود بارزانی)ـیەوە پێشوازییان لێ كرا و، هەردوولا پاش ڕێزی خەباتی دوور و نەپساوەی (بارزانی نەمر) لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و ڕزگاریی تاكی كورد لە دەست زوڵم و زۆریی دەستەڵاتدارانی زۆرداری عێراقی و بەتایبەت ڕژێمی سەرەڕۆی بەعس، دروود و سڵاویان بۆ گیانی ئەو سەركردە گەورەیەی كورد نارد و، (جۆزێف پینینگتۆن)ـی کۆنسووڵ لە گوتەیەكیدا لەسەر مەزاری پیرۆزی (بارزانی نەمر) گوتی: "ئەگەر ئێستا (بارزانی نەمر) زیندوو بوایە، بەم پێشكەوتن و شارستانەتەی كوردستان دڵخۆش دەبوو و دڵنیایشین بەوەی هەروا پێش دەكەوێت و داهاتوویەكی گەش چاوەڕوانیەتی"، دواتر بە شێلگیرییەوە باسی لەوە كرد كە (بارزانی نەمر) شۆڕشی بۆ ئازادی و پێكەوەژیان كردووە و لەو ڕێگەیەیشدا هەموو ژیانی خۆی بۆ خەباتی ڕزگاریی گەلی كورد لە ئاوارەییدا بەسەر برد.
پاشان هەردوولا، سەردانی مۆنیۆمێنتی مەزاری نەمرانیان كرد و (هێمن هەورامی) بۆ کۆنسووڵ و میوانەكان كورتەیەك لە مێژووی خەباتی (بارزانی نەمر) و دەڤەرەكەی هێنایە بەر باس كە، ناوچەیەك بووە بۆ ئەفڕاندنی كەڵە شۆڕشگێڕانی كورد بۆ بەردەوامبوونی خەباتی ڕەوای دژی زۆرداری و داگیركاریی دوژمنان و، هەر لەم پێناوەیشدا دەیان شەهیدی مەزنی داوە و كۆڵ نەدراوە تا خەباتەكە بە ئامانجی خۆی گەیشتووە و، ئێستا ئیتر ئەركی نەوەی نوێیە كە ئەو دەستكەوتانە بپارێزێت.
