كارتی نیشتیمانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەردەكرێت
بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە كۆپییەكی دەست ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، لە بری نووسراوی پشتگیریی موختارەكان لە دامودەستگاكاندا، تەنیا كار بە كارتی زانیاری دەكرێت.
بەپێی بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ یەكخستنەوەی كاروبارەكانی پشتگیریی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان و هەروەها راییكردنی مامەڵەكانیان كە پێویستیان بە پشتگیریی نیشتەجێبوون هەیە، لەمەودوا تەنیا كار بە كارتی زانیاری دەكرێت و كار بە نووسراوی موختارەكان ناكرێت.
وەزارەتی ناوخۆ جەختی كردووەتەوە، كارتی زانیاری لە هەموو مامەڵەكاندا شوێنگرەوەی پشتگیری و نووسراوی موختار دەبێت و پێویستە هەموو فەرمانگە و دامەزراوەكان كار بەم بڕیارە بكەن.
بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، لە داهاتوویەكی نزیكدا كارتی نشتیمانی دەردەكرێت، كە هەمو ئەو جۆرە پشتگیریانە هەڵدەوەشێنێتەوە و تەنیا كار بەو كارتە نشتیمانییە دەكرێت.
كارتی نشتیمانی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێت كە لە ئێستادا فەرمانگە و فەرمانبەری بۆ دیاری كراوە و كارەكە لە كوردستان دەستی پێ كردووە.
كارتی نشتیمانی هەموو زانیارییەكی تایبەت بە هەر هاووڵاتیەكی تێدا دەبێت و زانیارییەكانیش لەسەر سیم كارتێك لە نێو كارتەكەدا دەبێت.
