کۆڕبەندێکی گەشتوگوزاری لە هەولێر سازدەکرێت
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا گوتی: کۆمپانیاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق و هەروەها کۆمپانیاکانی ئێران و تورکیا و بەشێک لە کۆمپانیا و میوانخانەکانی هەرێمی کوردستان، کە پاکێجی میواندارییان ئامادەکردووە، ئامادەی کۆڕبەندەکە دەبن".
گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان سەبارەت بە ئامانجی سازکردنی ئەو کۆڕبەندە، دەڵێ: "ئامانجی سەرەکی رێکخستنی گرووپەکانی گەشتیارییە بۆ هەرێمی کوردستان، کە بەشێوەیەک بێت کاریگەری باشی لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری هەبێت و کاریگەری سلبی لەسەر ئەمڕۆی کوردستان نەبێت".
بە گوتەی نادر رۆستی، ئەو کۆڕبەندە لە کاژێر 9:30 خولەکی پێشنیوەڕۆی رۆژی 15-3-2015 لە کۆمەڵگای گەشتیاری ئەبوشەهاب لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
بەپێى ئامارێکى کۆمەڵەى میوانخانە و چێشتخانەکان، چوار هەزار هۆتێل و مۆتێل و رێستۆرانت و شوێنى گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کە بەهۆى ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، تائێستا 72 رێستۆرانت و هۆتێل و میوانخانە لە شارەکانى کوردستان داخراون لەوانەش هوتێلى 5 ئەستێرەی تێدایە.
هەر بەپێى ئەو ئامارەى کۆمەڵەکە، 60%ى کرێکارانی ئەو شوێنانە رەوانەى ماڵەوە کراونەتەوە، کە دەکاتە زیاتر لە دوو هەزار کرێکار. گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، زیاتر لە 300 كۆمپانیای گەشتیاریی مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام تەنها 10- 15 كۆمپانیایان گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان دەهێنن.
روداو
