دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانییە.. خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری كۆبانی بە لێشاو دەگەڕێنەوە

دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانییە.. خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری كۆبانی بە لێشاو دەگەڕێنەوە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی‌ ڕایگەیاند، خەڵكی كۆبانی‌ بە پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیان خۆشحاڵن و، دوای ئەو پەیامەی سەرۆكیش خەڵكی گوندەكانی كۆبانی بە لێشاو دەگەڕێنەوە. گوتیشی، هێشتا لە قۆڵەكانی باشوور و رۆژهەڵاتی كۆبانی شەڕ بەردەوامە.

لە پەیامێکیدا کە هەینیی ڕابرد بڵاو کرایەوە و تایبەت بوو بە ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی قارەمانەتیی شەڕڤانان و بە پشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کۆبانی سەرکەوت و لە بەرانبەر بە هێرشی داگیرکارانەی تیرۆریستان خۆی گرت و شکستیشی پێ بردن.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی‌ عەمید (تەڵعەت ساڵح زراری) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "خەڵكی كۆبانی‌ بە پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی) دڵخۆش بوون و پێمان دەڵێن ئەوەی لە خەمی ئێمەیە، سەرۆكی هەرێم و حكوومەتی هەرێمن، دوای ئەو پەیامەیش خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری كۆبانی بە لێشاو دەستیان بە گەڕانەوە كردووە بە تایبەت رێژەیەكی یەكجار زۆر لە رۆژی پێنجشەممەی ڕابرد گەڕانەوە و، تا ئێستا زیاتر لە 30 هەزار كەس هاتوونەتەوە، خۆیشیان دەستیان بە پاككردنەوەی ناو شار كردووە هەرچەندە ئۆتۆمبێلیان كەمە، چەند خەڵكێكیش دوكانەكانیان كردوونەتەوە، بەڵام بازاڕ تێك چووە".

(زراری) لەبارەی بەرەكانی شەڕیشەوە گوتی، لە قۆڵی رۆژهەڵات و باشوور "گرێ‌ سپی و سەرێ‌ كانی" هێشتا شەڕ بەردەوامە.

(سەرۆک بارزانی) لە پەیامەکەیدا هەروەها ڕایگەیاند، هاوکاری و پشتیوانیی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی و گێڕانەوەی ژیان بۆی، ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانییە بۆ هەموومان، لەو پێناوەیشدا داوا لە کوردستانیانی خۆشەویست لە ناوەوە و دەرەوەی ولات، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و دەستگا خێرخوازییەکان و، خێرۆمەندانی گەلەکەمان و دەستگا فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، هەریەکە و لە شوێنی خۆی و بەپێی توانای خۆی، لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆبانیدا بەشدار ببێت.
Top