جۆن كێری داوای دەستەڵاتی زیاتر بۆ شەڕی داعش دەكات

جۆن كێری داوای دەستەڵاتی زیاتر بۆ شەڕی داعش دەكات
بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی "دەنگی‌ئەمەریكا" دوێنێ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (جۆن كێری) داوای لە كۆنگرێسی وڵاتەكەی كرد، داواكەی (ئۆباما) بە پێدانی دەستەڵاتی زیاتر بۆ بەكارهێنانی هێزی زەوینی بۆ شەڕی داعش پەسند بكەن.

(كێری) بە سیناتۆرەكانی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی گوت، "وەها بە ئاسانی ناتوانین ڕێگە بەو پیاوكوژ و خوێنڕێژانە بدەین دەسەڵات و ئارەزووەكانیان بەدەست بهێنن، تاكو ئێستا هیچ گرووپێك ئەوەندە بەشەی لە زەویی عێراق و سووریا داگیر نەكردوە، ئەوان هەڕەشەی مردن لە هەر كەسێك دەكەن كە دژیان بوەستێتەوە و لە تەواوی جیهانیشدا هانی كردەی تیرۆریستی دەدەن".

هەڵبەت لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، (جۆن كێری) بۆ ئەوە چووەتە كۆنگرێس تاكو داوای یەكگرتوویی سیناتۆرەكان بكات لە بەرانبەر داعشدا و گوتی، "دەبێت داعش تێبگات كە ناتوانن ئێمە دابەش بكەن، هەرگیز ڕێگەی ئەوەیان پێ مەدەن".

شیاوی گوتنە، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) لە مانگی ڕابردوودا ڕەشنووسەیاسایەك و نامەیەكی ناردە كۆنگرێس تاوەكو دەسەڵاتی زیاتری پێ بدەن و بتوانێت هێزی زەوینی بۆ شەڕی داعش بەكار بهێنێت.
هەڵبەت بە بێ هێزی زەمینی، ئەمەریكا بە ئاسمانەهێرش هەر بەردەوامە لە شەڕی داعشدا و بە گوێرەی داتای پنتاگۆنیش هاوپەیمانان لە ئابی ساڵی پارەوە نزیكەی (٢٧٠٠) هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەكانی داعش ئەنجام داوە.
Top