ماکگورک: هێرشی داعش بۆ کوردستان بە زیانی خۆیان شکایەوە

 ماکگورک: هێرشی داعش بۆ کوردستان بە زیانی خۆیان شکایەوە
برێت ماکگورک، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و عێراق، لە دووەم رۆژی دیداری سلێمانی، ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد لە رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش. ئەو دەڵێ هەرچەندە چاوەڕوانی شتی خراپتریان کردووە لە داعش، "بەڵام هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڕیارێکی هەڵەیان بووەو سەری خۆیانی خوارد".

برێت ماکگورک سەبارەت بە هێرشی داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو بۆ سەر موسڵ، گوتی: "ئێمە لە باڵیۆزخانە سەیری رووداوەکانمان دەکرد و باسی ئەوەمان دەکرد، کە ئەمە هەڕەشەیە بۆ گەلی عێراق و چاوەڕوانی شتی خراپمان لە داعش دەکرد".

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران و عێراق، ستایشی رۆڵی پێشمەرگەی کرد لە شەڕ دژی داعش و گوتی: "ئەو شوێنانەی ئێستا داعش لێی کشاوەتەوە بە ئازایەتی ئەو پێشمەرگە ئازایانە بووە کە شەڕێکی قارەمانانە دەکەن لەگەڵ داعش و توانییان ئەوان رابگرن و بە هەماهەنگی لە گەڵ هێزی هاوپەیمانان توانییان داعش لە هەندێ ناوچە دەربکەن". گوتیشی: " ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مانگی 11-ی ساڵی پار، دەبینین ئەو شوێنانەی کە لە دەستی داعش بووە رزگارکراون و کێرڤەکە لە بەرژەوەندی داعش نییە".

بە باوەڕی برێت ماکگورک، بڕیاری هێرشی داعش بۆ هەرێمی کوردستان، "سەری داعشی خواردووە". ئەو دەڵێ: " داعش بڕیاریدا کە بێت پەلاماری کوردستان بدات، کە بەڕاستی بڕیارێکی هەڵە بوو و سەری خۆیانی خوارد، ئێمە یەکسەر هاتینە سەر خەت و وەڵاممان دانەوە و بڕیارماندا کە لێیان بدەین، ئێمە زانیمان کە دەبێت بەبێ ئۆپەراسیۆنی سەربازی، هێرشی فڕۆکە دەستپێبکەین".

هەروەها گوتی:" ئەو کاتە کە داعش پەلاماری کوردستانیدا، ئێمە سەنتەری هەماهەنگی هاوبەشمان لەگەڵ پێشمەرگە هەبوو و لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆری عێراقی پلانێکی هاوبەشمان دانا لە شنگال و هێرشی فڕۆکەکانمان لە مانگی 8 دەستپێکرد".

دیداری ئەمساڵی سلێمانی بە بەشداری سیاسەتکار و شارەزایان بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی بەشداری کۆنفرانسەکەن و ئەمڕۆ دووەم و دواڕۆژی دیدارەکەیە. تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری سەرەکی میدیایی دیداری سێیەمی سلێمانییە، لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەوە راستەوخۆ تیمەکانی رووداو پانێل و گفتوگۆی نێو کۆنفرانسەکە و دەگوازنەوە و رای بەشداران سەبارەت بە پرسە گەرمەکان وەردەگرن.





روداو
Top