سیناتۆر ڕاند پۆڵ: هێڵی نوێ بۆ كوردستان دەكێشم و بەڵێنی دەوڵەتیان پێ دەدەم

سیناتۆر ڕاند پۆڵ: هێڵی نوێ بۆ كوردستان دەكێشم و بەڵێنی دەوڵەتیان پێ دەدەم
(ڕاند پۆڵ) كە یەكێكە لە كاندیدە چالاكەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی داهاتووی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، لە گەشتێكیدا بۆ (فلۆریدا) چاوپێكەتنێكی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (برێت‌بارت) ساز دابوو و، تێیدا داوای زیادكردنی ناردنی چەك و پێداویستیی سەربازیی بۆ پێشمەرگەی كوردستان كردووە بۆ شەڕی داعش و، هەروەها داوای دروستكردنی دەوڵەتێكی نوێیشی كردووە كە بە (كوردستان) ناوی بردووە.

(پۆڵ) گوتی: "من پێم وایە كوردەكان چەكی پێویستیان پێ ناگات، ئەوان باشترینن لە شەڕدا. چەكەكان ڕاستەوخۆ دەچنە بەغدا و دواتر دەنێرێن بۆ كوردستان، هەر بۆیە ئەوان ئەو چەكانەیان پێ ناگات كە پێویستیانە. من پێم وایە ئەمەریكا و وڵاتانی ئەورووپا پێویستە ڕاستەوخۆ چەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرن، ئەو كاتە دەبینین ئەوان چەند چالاكتر و بەهێزتر شەڕ دەكەن".

سەبارەت بە دروستكردنی دەوڵەتی كوردی لە كوردستان، (ڕاند پۆڵ) هێمای بۆ ئەوە كرد: "من زیاتر دەچمە پێشەوە و، هێڵی نوێ بۆ كوردستان دەكێشم و بەڵێنی دەوڵەتیان پێ دەدەم، كورد پێویستە وڵاتی خۆی هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕۆكان".

لەبارەی شەڕی داعش و سەركەوتن بەسەریاندا، لە چاوپێكەوتنەكەیدا (پۆڵ) ئاماژەی بە تێگەییشتن لە ئایین داوە و دەڵێت: "ئەگەر بمانەوێت چارەیەك بۆ توندڕۆیی ئیسلامی بدۆزینەوە، دەبێت سەرەتا لە ئایین تێبگەین".

گوتیشی: "سەرچاوەی شتەكان تێگەییشتنە لە ئایین، بە هەزاران شەڕ لە نێوان سوننە و شیعەكاندا ڕووی داوە، ئێستا شەڕی ئیسلامی توندڕۆ و ئیسلامی شارستانی لە ئارادایە، هەروەها شەڕی ئیسلامی توندڕۆ و ڕۆژئاوایش هەیە، بەڵام ئەوانە هەموویان سەبارەت بە ئایینن، بۆیە كە لە ئایین تێنەگەین، چارەمان پێ پەیدا نابێت، بۆ نموونە مووسڵ كە زۆرینەی سوننەمەزهەبن، هیچ كات سوپای شیعەكان ناتوانێت دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵكە بۆ سەركەوتن لە مووسڵ پێویستی بە سوننەكانە".

هەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا (پۆڵ) بە پێویستی زانیوە كە بۆ شەڕی دژی داعش هێزی زەوینییش زیاد بكرێت، بەڵام دەبێت هێزی عارەبی بێت نەوەكو بیانی، بگرە دەبێت هێزێكی عارەبیی سوننەمەزهەبیش بن.
Top