لەژێرناوی ( ھەموومان پێشمەرگەین ) بەیاننامەی ھاوبەشی پارت و لایەنە سیاسییەکان لە ( ٢٤ )ە مین ساڵیادی ئازادکردنی شاری ھەولێر لە ١١/٣/١٩٩١
خەڵکی بەئەمەک و دڵسۆزی شاری ھەولێر
کەس و کاری شەھیدە نەمرەکان
٢٤ ساڵ لەمەوبەر لەدرێژەی ھەڵمەتەکانی رۆژانی راپەڕین و رزگارکردنی شارو شارۆچکەکانی کوردستان , لەرووداوێکی مێژوویی و گرنگ لەرۆژی ١١/٣/١٩٩١ بەپشتیوانی خودای گەورەو ھێزوو بازووی پێشمەرگەی کوردستان ھاوکات لەگەڵ خەڵکی سەربەرزی شاری ھەولێر بەکوردو تورکمان و گەلی ( کلدانی سریانی ئاشووری ) و ھەموو چین و توێژەکانیەوە , بەرامبەر بەرژێمی حزبی بەعسی دیکتاتۆر ھاتنە دەنگ بەیەک رەنگ و یەک دەست و بەئیرادەیەکی بەھێز گوتیان نا بۆ چەوسانەوەو ژێر دەستی , بەڵێ بۆ ئازادی و چەسپاندنی حوکمی گەل .
جێگای دڵخۆشی بوو لەماوەیەکی کورتدا تەواوی دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی رژێمی بەعس رزگار کران .
دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان ھیچ رێگایەکی نامرۆڤانە و دوور لەبەھا ئاینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەما کە بۆ کپکردنی دەنگ و ئیرادەی خەڵکی کوردستان نەی گرنەبەر , رۆژبەرۆژ پرۆژەو پیلانی تازەیان دادەڕشت لەشێوەی راگواستن و ئەنفال و جینۆسایدکردن تابەو ھۆیەوە گەلی کوردستان لەناو بەرن .
بەڵام یەکڕیزی خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان و گیان لەخۆ بردویی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئیرادەی لەبن نەھاتووی جەماوەری کوردستان سات لەدوای سات بۆ بەرگریکردن لەخاک و نیشتمان بەھێزترو بەگوڕتر دەبوو .
جێگای ئاماژە پێکردنە ئەو سەرکەوتنە مەزنەی خەڵکی راپەڕیوی شاری ھەولێر ھاوکات بوو لەگەڵ یادی رێکەوتننامەی ( ١١ ) ی ئازار ی ساڵی ١٩٧٠ کە حکومەتی ئەوسای عێراق دانینا بەمافی رەوای خەڵکی کوردستان .
ئێمە لێرەدا کە یادی سەرکەوتنەکانی راپەڕین و رزگاری کوردستان بەکەرکوکی خۆشەویستەوە دەکەینەوە , پڕبەدڵ پیرۆزبایی لەخەڵکی بەئەمەکی کوردستان بەگشتی و شاری قەڵاو منارە بەتایبەتی دەکەین و سەری رێزو نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنوێنین و سڵاوی خۆڕاگری بۆ ھێزی پێشمەرگە دەنێرین .
ئەمڕۆ لەکاتێکدا یادی ئەم راپەڕینەوە مەزنە دەکەینەوە وەک حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و پارێزگای ھەولێر دەرھەق بەم باروودۆخە تازەی کوردستان و ناوچەکە بەپێویستی دەزانین ھەڵوێستمان لەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینەروو .
١- رووبەروو بوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ئەو باروودۆخە نەخوازراوەی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکەی گرتووەتەوە پێویستی بە یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی لایەنە سیاسیەکان ھەیە .
٢- پشتیوانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپات دەکەینەوە .
٣- داوا دەکەین ژیان و بژێوی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگەکان و قوربانیانی دەستی تیرۆر و دوژمنانی کوردستان باشتر بکرێت .
٤- بەدامەزراوەیی کردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و چاکسازی لەدام و دەزگاکانی حکومەتدا بەپێویست دەزانین بۆ پتەتروکردنی نێو ماڵی کوردستان .
٥- داوا لەحکومەتی ناوەند دەکەین بودجە بۆ ھەرێمی کوردستان و مستحقاتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانە بکات و رێککەوتنەکان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە .
٦- سوپاس و پێزاین بۆ ئەو کەسە نیشتمان پەروەرانەی کە ھاوکاری و کۆمەکیان بەخشی بەھێزی پێشمەرگەو خوشک و برا ئاوارەکان .
٧- رۆڵی وڵاتانی ھاوپەیمان بەرز دەنرخێنین بۆ پشتیوانی کردنی گەلی کوردستان .
٨- سوپاس و دەستخۆشی بۆ ھێزەکانی ناوەخۆ لەسەرتاسەری کوردستان تایبەت شاری ھەولێر کە لەم قۆناغەدا رۆڵی گرنگیان بینیوە .
لەکۆتاییدا جەخت دەکەینەوە لەسەر یەکڕیزی و تەبایی ھەماھەنگی زیاتر .
سڵاو بۆ خۆڕاگری پێشمەرگەی کوردستان
سڵاوبۆ گیانی پاکی شەھیدانی کوردستان تایبەت شەھیدانی دەستی تیرۆرستانی داعش و شەھیدانی رزگاری شاری ھەولێری خۆشەویست .
١٠/٣/٢٠١٥
ناوی حزب و لایەنە سیاسیەکانی بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوە :-
١- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان . مەڵبەندی دوو
٢- پارتی کۆماری کوردستان
٣- کۆمەڵەی لیبرالی تورکمان
٤- پارتی دیموکراتی تورکمانی کوردستان
٥- کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان . مەڵبەندی سێ
٦- حزبی ئایندەی کوردستان . لقی ھەولێر
٧- حزبی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان . مەڵبەندی ھەولێر
٨- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان . ھەرێمی ھەولێر
٩- بزووتنەوەی تورکمانی بێلایەن
١٠- حزبی یموکراتی بیت نەھرێن . لقی ھەولێر
١١- حزبی زەحەتکێشانی کوردستان . کۆمیتەی سەرکردایەتی ھەولێر
١٢- بەرەی تورکمانی عێراقی . لقی ھەولێر
١٣- حزبی رزگاری کوردستان . کۆمیتەی پارێزگای ھەولێر
١٤- بزوتنەوەی گۆڕان . مەکۆی ھەولێر
١٥- پارتی چاکسازی پێشکەوتووی تورکمان .
١٦- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان . ناوەندی ھەولێر
١٧- پارتی یەکگرتووی تورکمان لقی ھەولێر
١٨- پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان . ناوەندی ھەولێر
١٩- ئۆجاغی برایەتی تورکمان . قارداش لق
٢٠- بزووتنەوەی ئیسلامی لەکوردستان . مەڵبەندی سێ
٢١- پارتی رزگاری نەتەوەیی تورکمان
٢٢- حزبی شیوعی کوردستان . کۆمیتەی پارێزگای ھەولێر
٢٣- یەکێتی نیشتمانی کوردستان . مەڵبەندی سێ
٢٤- پارتی دیموکراتی کوردستان . لقی دوو
٢٥- کۆمەڵەی رۆشنبیری تورکمان
٢٦- ئەنجوومەنی نەتەوەی کلدان
٢٧- کۆمەڵەی رۆشنبیری کلدان
٢٨- حزبی تورکمان ئیلی
٢٩- پارتی نیشتمانی تورکمان
٣٠- پارتی گەشەپێدانی تورکمان
٣١- پارتی گەلی تورکمان
