لیژنەی ئاساییش و بەرگری سەردانی سەرۆك بارزانی دەكەن.. بۆ پشتگیریكردن لە هێزی پێشمەرگەیە
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەرنامەمان هەبوو بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەین و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا كۆ ببینەوە، بەڵام بە هۆی چوونی سەرۆكی هەرێم بۆ دەرەوەی وڵات و هێرشەكانی ئەم دواییە، سەردانەكە دوا خراوە، ئەگەر نا بەرنامەكە بەردەوامە و چاوەڕوانی دەرفەتێك دەكەین سەردانی هەرێم بكەین، چونكە لە ئێستادا بەشێك لە پەرلەمانتارانی لیژنەكەمان لە بەرەكانی شەڕدا لە روممادی و تكریتن".
(شاخەوان) گوتیشی: "هەفتەی داهاتوو بەرنامە دادەنێین هەر كاتێك (سەرۆك بارزانی) كاتی هەبێت، سەردانی دەكەین".
پێوەست بە سەردانەكەیشیان ئاماژەی دا: "مەبەست لە سەردانەكەمان بۆ دووپاتكردنەوەی پشتگیرییە لە هێزی پێشمەرگە و دەستخۆشیكردنە بۆ ئەو سەركەوتنانەی تۆماریان كردووە، چونكە لە لیژنەكەی خۆمان باسمان لەوە كردووە كە هیچ ئەندامێك باسی بڕینی مووچەی پێشمەرگە نەكات و لەگەڵ هەموو داواكارییەكانی هێزی پێشمەرگەداین و باس لە رۆڵی (سەرۆك بارزانی) كرا كە ڕۆڵێكی باڵای لە بەرەكانی شەڕدا هەبووە بە تایبەت لە زوممار و شنگال" .
بڕیاردەری لیژنەی ئاساییش و بەرگری دەشڵێت: "بەدواداچوونم بۆ خەرجنەكردنی مووچەی هێزی پێشمەرگە كردووە و لەگەڵ وەزیری بەرگری قسەم كردووە، ئەو باسی لەوە كرد كە هەر وەزارەتێك ژمارەی حیسابی خۆی هەیە و ژمارەكەی پێ دەدات و بچێت تەماشای بكات، چونكە هیچ بڕەپارەیەكیان بۆ خەرج نەكراوە، بۆیە هەر كاتیك پارەیان بۆ هات، پابەند دەبن بەوەی ئەو بڕەپارەیەی بۆ پێشمەرگە دیاری كراوە، رەوانەی بكەن".
