كاك مسعود بارزانی چووبێتە هەر بەرەیەكی شەڕەوە بۆتە پشت و پەنا بۆ هێزی پێشمەرگە و سەركەوتنی تێدا مسۆگەر بووە

كاك مسعود بارزانی چووبێتە هەر بەرەیەكی شەڕەوە بۆتە پشت و پەنا بۆ هێزی پێشمەرگە و سەركەوتنی تێدا مسۆگەر بووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ گوتى: سەبارەت بەو شەڕەی كە تووشی هاتووین شەڕی هەموو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە، گەرچی پێشمەرگە رۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت و ئەو شەڕانە بە قارەمانانە دەكات، بەڵام لە تێگەیشتنی راستەقینەی دۆخەكەوە شەڕی هەموو خەڵكی كوردستانە، نە شەڕی یەكێتی، نە هی پارتی، و نە هی هیچ حزبێكی ترە، لەو بڕوایەدا نەبووین تووشی ئەم شەڕە بین، بەڵام ئەوەی جێی خۆشحاڵی بێت، ئەوەیە كە كورد تا ئێستا لەم شەڕەدا سەركەوتوو بووە و ئەوانەی ناویان داعشەوە بە ناوی ئیسلامەوە پەلاماریان داوین، وەك خۆشتان ئاگادارن ئەگەر بە مەفهوومە فراوانەكەی لە رابردوودا هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەبوایە، دۆخەكە مەترسیدار دەبوو، تەنیا هێزێك بووین كە دیوارێكمان دروستكرد لە رووی هاتنە پێشەوەی ئەو تیرۆریستانە، چونكە لە ماوەی شەو و رۆژێكدا چوار فیرقەی سەربازیی حكومەتی عێراقی و دوو فیرقەی سووات بە جبەخانە و چەك و چۆڵی پێشكەوتووەوە هەروەها شارێكی گەورەی وەك موسڵیان تەسلیم بە تیرۆریستان كرد، هەرچی چەكە قورسەكانیشیانە بۆیان جێهێشتن.


مستەفا چاوڕەش هەروەها گوتی: لە شەڕی ئێستادا تەكنەلۆجیای نوێ رۆڵی یەكلاكەرەوەی تێدا دەبینێ و دەبینین كە هاوپەیمانان چۆن بە هۆی تەكنیكی تازەوە سەد لە سەد ئامانجەكانی خۆیان دەپێكن، هەروەها پێداویستییەكانی سوپایەكی دەوڵەتی بە دەست داعشەوەیە و ئەوەش تەرازووی هێزی لە بەرژەوەندی ئەواندا قورس كردبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كە چەكی دەستی پێشمەرگە تەنیا چەكی سووك بوون، بە هۆی ئەوەی دۆزەكەی ئێمە دادپەروەرانە بووەو نەچووینەتە سەر خاكی خەڵك سەركەوتنی باشمان هەبووە، ئەو ئەركەی لە ئەستۆی ئێمەیە ئەوەیە بتوانین بەو چەكە هەمانە و بەوەی كە ئێستاش دۆستان و هاوپەیمانانمان بۆمان دابین دەكەن شەڕی باشتری پێ بكەین، ئێمە پێشتریش هەر بەم چەكە سووكانەی دەستمان رووبەڕووی جەبەرووتی ئەو هەموو هێزە زەبەلاحەی سەدام بووینەوە، تەنانەت كە بە زەبری چەكی كیمیاوی گەیشتینە سەر سنوورەكانیش، بەڵام تەسلیم بوون لە مەبدەئی هێزەكانی پێشمەرگەی حزبەكاندا نەبوو.

لە درێژەی قسەكانیدا چاوڕەش گوتی: ئێمە سوپاسی ئەو وڵاتانە دەكەین كە هاتوونەتە مەیدانەوە، بەڵام بە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە ئەو پشتیوانییەمان پەیدا كردووە، ئەگینا كەس خێرمان پێ ناكات، وەك خۆشیان دەیدركێنن و دەڵێن لە كوردستان كە پێشمەرگە شەڕ دەكات، تەنیا بەرگری لە خاكی خۆیان ناكەن، بەڵكو لە بری وڵاتانیش شەڕی تیرۆر دەكەن، ئەم تیرۆریستانە دەستیان كێشاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپیش، ئێستا لە ناو ئەو وڵاتانەوە چەكدار دەنێردرێت بۆ بەرەكانی شەڕ، لە هەندێ وڵاتی عەرەبی بەیعەت بە خەلیفە بەغدادی دەدەن، بە نموونە لە لیبیا و سۆماڵ و میسردا ئەمە دەكرێت، ئەم تیرۆریستانەی بەرانبەر پێشمەرگە وەستاون، لە ناوەندی بنەڕەتی خۆیاندان و باڵدەكێشن بۆ وڵاتان و تەنانەت بۆ ئەوروپاش وەك ئەوەی لە فەرەنسا روویدا، تەنیا لەبەر ئەوەی وێنەی بەغدادییان كردبوو، تیرۆریستان هەڵیانكوتایە سەر بارەگای رۆژنامەی شارل ئبیدۆ و چەند رۆژنامەنووس لە نووسینگەكە بوون هەموویان كوشتن، بۆیە ئەم شەڕە نێودەوڵەتییە لە وڵاتی ئێمە سەریهەڵداوە و ئەو كۆمەك و پشتیوانییە بۆ داهاتووی میللەتی كوردیش پێویستە.



لە كۆتایی قسەكانیدا مستەفا گوتی: كە كاك مسعود بارزانی هاتە خانەقین، ئێمە هەموو لەوێ بووین و لە نزیكەوە دەستخۆشی لێ كردووین، لە رێی ئێمەوە سوپاسی پێشمەرگە بە پێشمەرگەی ناو سەنگەرەكانی كردووە، رێنمایی هەموو فەرماندەكانی كردووە كە لەوێ بوون، هەموو ئەفسەرەكانیشمان بانگ كردوون و تەوجیهاتی باشی كردووین و ئەمە بەرز دەنرخێندرێت، هاندەر بووە بۆ ئەوەی فەرماندەكان لەگەڵ پێشمەرگە لە یەك سەنگەردا بن، پێویستە هەموو فەرماندەی لیواكانمان لە ریزی پێشەوە سەركردایەتی هێزەكانیان بكەن، ئەمە كاریگەری خۆی هەیە، ئەو شوێنانەش كە هێشتا ماون ئازاد بكرێنەوە، بە هیممەتی بەڕێزیان و بە هیممەتی فەرماندەكانی بەرەكانی جەنگ ئازا دەكرێن.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1017)
Top