راگەیێنراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی کوشتنی راوێژکارە کەنەدییەکە
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە "کاژێر 1:00ی بەرەبەیانی رۆژی 7-3-2015 لە یەکێک لە میحوەرەکانی سنووری ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە هەرێمی کوردستان و بەهۆی هەڵەیەکی نەخوازراوەوە، رووداویکی دڵتەزین روویدا کە بووە هۆی شەهیدبوونی یەکیک لە قارەمانانی دۆستان و پشتیوانانی گەلی کوردستان وهێزەکانی پیشمەرگە و هیزەکانی پاراستنی هەریم لە شەری دژی داعش لە هیزەکانی سوپای وولاتی کەنەدا و برینداربونی دووکەسی دیکەیان، ئێمە لێرەدا بە دڵگرانییەکی زۆرەوە سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری ئەو شەهیدە قارەمانە و حکومەت و گەلی کەنەدا دەکەین و هیواخوازین بە زووترین کات برینی بریندارەکانیش ساڕێژ ببێتەوە".
لە راگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دەستبەجێ بڕیاریانداوە لیژنەیەکی لیکۆڵینەوە لەو رووداوە بکۆڵێتەوە بە مەبەستی زانینی هۆکارەکان و رێگەگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی رووداوی دڵتەزێنی هاوشێوەی.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7/3/2015 دوای ئەوەی چوار راوێژکاری سەربازی کەنەدی بە پیادە بەرەو سەنگەرێکی هێزی پێشمەرگە دەچن، پێشمەرگەیەک بە هەڵە دەستڕێژیان لێدەکات و کەسێکیان دەکوژێت و دووی دیکە بریندار دەکات.
لیوا هەڵگورد خدر، فەرماندەی فەرماندەیی سەفین بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لە نیوەشەودا ئەو راوێژکارانە بەبێ پرس و ئاگادارکردنەوە بەپیادە هاتوون بۆ سەنگەری هێزی پێشمەرگە، لەکاتێکدا بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی قسەیان کردووە و نهێنی شەویان نەدرکاندووە، لەلایەن پاسەوانێکی سەنگەری هێزی پیشمەرگەوە دەدرێنە بەر دەستڕێژ.
دەقی راگەیێنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە
راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانی وەزارەتی پیشمەرگە لەبارەی:-
رووداوێکی دڵتەزێن و نەخوازراو
کاتژمێر (١)ی بەرەبەیانی رۆژی ٧/٣/٢٠١٥ لە یەکێک لە میحوەرەکانی سنووری ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە هەرێمی کوردستان و بەهۆی هەڵەیەکی نەخوازراوەوە ، رووداوێکی دڵتەزێن روویدا، کە بووە هۆی شەهیدبوونی یەکێک لە قارەمانانی دۆستان و پشتیوانانی گەلی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم لە شەڕی دژی داعش لە هێزەکانی سوپای وڵاتی کەنەدا و برینداربوونی دووکەسی تریان، کە ئێمە لێرەدا بە دڵگرانییەکی زۆرەوە سەرەخۆشی لە خێزان و کەسوکاری ئەو شەهیدە قارەمانە و حکومەت و گەلی کەنەدا دەکەین و هیواخوازین بە زووترین کات برینی بریندارەکانیش ساڕێژ ببێتەوە.
دیارە وڵاتی کەنەدا بە گەل و حکومەت و سوپاوە لە یەکەم رۆژی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و گەلەکەمان بە هەموو تواناوە هاوکار و پشتیوانمان بوون لەگەڵ وڵاتانی تری هاوپەیمانان لەو شەڕەدا، گەلی کوردستان و حکومەتی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە هەمیشە سوپاسگوزاری ئەو هاوکاری و پشتیوانیە بوون.
لێرەدا ئێمە وێڕای دڵتەنگی و خەم و پەژارەمان وەکو وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی هەرێم بە تایبەت و گەلی کوردستان بە گشتی، دەستبەجێ بڕیارمان داوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە پەلە لەم رووداوە دڵتەزێنە بکۆڵێتەوە بە مەبەستی زانینی هۆکارەکان و رێگەگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی رووداوی دڵتەزێنی هاوشێوە و هەڵوێستی جوامێرانەی حکومەتی کەنەدا بەرز دەنرخێنین کە وێڕای روودانی ئەم رووداوە دڵتەزێنە بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە هاوپەیمانێتییان بۆ شەڕی دژی گروپی تیرۆرستی داعش هەتاکو لە ناوبردنیان.
وەزارەتی پیشمەرگە
حکومەتی هەرێمی کوردستان
رووداو
