قەرداخی بەدەم بانگەوازەكەی بارزانی دێت بۆ ئاوەدانكردنەوەى كۆبانێ
رۆژی 6ی ئازاری 2015 ، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگەوازێكی بڵاوكردەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ و داوای لە گشت كوردستانیانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاكانی راگەیاندن، دامەزراوە خێرخوازییەكان، خەڵكی چاكەخواز، دامودەزگای فەرمی هەرێمی كوردستان كرد كە هەركەسەو بەپێی توانا لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ بەشداربن.
پرۆفیسۆر دكۆر عەلی قەرەداخی، سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد كە دامەزراوەیەكی خێرخوازی ئیسلامی كوردستانییە، بەدەم بانگەوازەكەی بارزانییەوە دێت و دەڵێ:" لە ئایندەیەكی نزیك دەست بە هەڵمەتێكی باش دەكەین بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ، كە بووەتە سیمبولێكى جیهانی دژی تیرۆرستانی داعش"
قەرەداخی كە هاوكات ئەمنیداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" دەستخۆشی لە جەنابی بارزانی دەكەم بۆ ئەو بانگەوازە، بە پشتیوانی خوای گەورە ئێمەش لە لای خۆمانە بەشداری ئەو ئەركە دین و نیشتمانییە دەكەین و بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانێی ئازیز دەكەین".
قەرەداخی گوتیشی:"لە چەند رۆژی داهاتوودا بە سیفەتی ئەمنیداری یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان بانگەوازێك بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی و عەرەبی دەكەم و داواش لە حكومەتەكانی جیهان دەكەین ئەوانەی دۆستایەتیمان لەگەڵیان هەیە، بۆ ئەوەی بە دەم ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێیەوە بێن".
سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد ئاماژەی بە بانگەوازەكەی بارزانی كرد و گوتی :" پەیامەكەی بارزانی دڵسۆزانەیە، بەڵام ئەو ئەركە بەرپرسیاریەتی هەموومانە بەتایبەتی موسڵمانان، هەر یەكەو دەبێت بە پێی ئەندازەو توانای خۆی بەشداری ئەو هەڵمەتە بكات، تەنانەت ئەگەر شتێكی رەمزیش بێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە لە دوایین سەردانی بۆ باشووری كوردستان، باسی بەرنامەو هەڵمەتێكی گەورەیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی كۆبانێ كردووە:" بانگەوازەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەی سەلماند، كە هەموو كورد دڵ و هەستیان یەكەو هەست بە بەرپرسیاریەتی دەكەن".
