پەرلەمانی كوردستان 165 ملیۆن دیناری بۆ رزگاربووانی دەستی داعش تەرخان كرد

پەرلەمانی كوردستان 165 ملیۆن دیناری بۆ رزگاربووانی دەستی داعش تەرخان كرد
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی كوردستان هاوكاریی ئەو ئێزدیانە دەكات كە لە دەستی داعش رزگار بوون و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕی 165 ملیۆن دیناری تەرخان كردووە.

(شێخ شامۆ) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی پارتی، بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "پەرلەمانی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت لەلایەن خۆیەوە هاوكاریی كوردانی ئێزدی بكات كە لە دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بوون، هەر بۆیە لە نەسریەی خۆی، وەك هاوكارییەك بڕی 165 ملیۆن دینار پێشكەش بە 800 كەسی ئێزدی دەكات كە لە دەستی داعش ئازاد بوونە، بۆ هەر ئافرەتێكی ئازادبوویش 250 هەزار دینار و بۆ پیاوان 200 هەزار و بۆ هەر منداڵێكیش بڕی 100 هەزار دینار دابین كراوە".
( شێخ شامۆ) گوتیشی: "دوای ئازادبوونی ڕووبەرێكی زۆری سنووری شنگال، رۆژانە خەڵكێكی زۆر دەگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان، لە ڕووی ئەمنییەوە ئەو ناوچانەی ئازاد بوونە تەواو پارێزراون و هیچ كێشەیەكیان نیە، بەڵام لە ڕووی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە، زۆربەی ناوچە ئازادبووەكان پێویستیان بە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، حكوومەتی هەرێمیش بەردەوامە لە دابینكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، بەڵام تیرۆریستانی داعش ناوچەكەیان بە تەواوەتی خاپوور كردووە و لە هەموو روویێكەوە ئەو ناوچانە پێویستیان بە پڕۆژەی زیاتر هەیە، پێویستە حكوومەتی عێراقیش شانبەشانی حكوومەتی هەرێم هاوكاری پێشكەش بە خەڵكی ئەو ناوچانە بكات و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە دابین بكات، تا خەڵكەكە زیاتر بگەڕێنەوە ".
Top