دەزگای خێرخوازیی بارزانی ٥٠٠ هەزار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی تەرخان کرد
سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) ئەمڕۆ لەپەیامێکیدا داوای لە کوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات و، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و، دەستگا خێرخوازییەکان و، خێرۆمەندان و دامودەستگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، هەریەکە و بەپێی توانای خۆی هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی بەرپا بکەن. دوای ئەم پەیامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (سەرۆک بارزانی)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمئێوارەیە رایدەگەینن کە بەئەركی مرۆیی و نیشتمانی خۆیان دەزانن بەشداربن لە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانی و بۆ ئەو مەبەستەش وەكو هەنگاوی یەكەم 500 هەزار دۆلارمان تەرخان كردوە.
وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونمان، شانازی خزمەتكردنی و بە هاناوەچوونی خەڵكی لێقەوماو و بەشمەینەتی كوردستانمان پێبڕاوە، تاكە دەزگای خێرخوازیی كوردستانی بووین بە ناوی خەڵكی كوردستانەوە گەورەترین هاوكاریمان گەیاندە شاری (وان) كە بەهۆی بومەلەرزەوە خەڵكی ئەو شارە توشی ماڵوێرانی ببوون. لەكاتی پەناهێنانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بۆ هەرێمی كوردستان تا بە ئەمڕۆ دەگات، وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامبووین لە گەیاندنی هاوكاری بەو برایانەمان، هەروەها لەگەڵ هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شاری كۆبانی، هاوكارییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکڕاست گەیێنرایە خەڵكی كۆبانی لە ناو شاری كۆبانی و لەسنووری نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستاندا.
سەرجەم ئەم ئەركە مرۆیی و نیشتمانییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە پشتیوانی راستەوخۆی خەڵكی خێرخواز و دەستڕۆیشتووی كوردستانیان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان ئەنجامدراون، لە ئێستایشدا ئاوەدانكردنەوەی كۆبانی ئەركی هەموو كوردستانیانە و ئێمە لە دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە سەرجەم خێرخوازان دەكەین وەكو چۆن لە رابردوودا دەزگای خێرخوازیی بارزانی یان كردبووە كەناڵێك بۆ گەیاندانی هاوكارییەكانیان بۆ خەڵکی پەناخواز، بۆ ئاوەدانكردنەوەی شاری كۆبانیش هەمان هەڵوێست نیشان بدەن.
