سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی 3ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە ئۆسامە نوجەیفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراقی فیدرال و ئەسیل نوجەیفی پارێزگاری نەینوا كرد.

لە دیدارێكدا كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كرا. هەروەها بارودۆخی شاری موسڵ و ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی موسڵ و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی هەنووكەیی و ڕزگاركردن و ئایندەی ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش تاوتوێ كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە كرایەوە كە لایەنە سیاسییەكانی عێراق هاوكار و هەماهەنگ بن لە شەڕی تیرۆریستان و ئەو شكستانەی بەسەر تیرۆریستاندا هاتووە سەرەتایەك بێت بۆ ڕزگاربونی هەموو شوێنەكان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش.

لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارە جێگری سەرۆك كۆماری عێراق دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش بەدەست هاتوون و هیوایشی خواست تیرۆریستان لە موسڵ و شوێنەكانی دیكەیش تووشی شكست بێن و ناوچەكان لە چنگی تیرۆریستان ڕزگار ببن.
Top