وەزارەتی پێشمەرگە: ھێزی پێشمەرگە بووەتە هۆکارێکی بەرەوپێشەوەبردنی دیپلۆماسیەتی کورد

وەزارەتی پێشمەرگە: ھێزی پێشمەرگە بووەتە هۆکارێکی بەرەوپێشەوەبردنی دیپلۆماسیەتی کورد
بەڕێوەبەری ڕاگەیێنگەی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەینێت، ھاتنی بەرپرسانی وڵاتان بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ناسینی سەرکردایەتیی کوردە؛ چونکە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی دیپلۆماسیەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خوێندنەوەی بۆ دەکرێت و، پێشمەرگەش بووەتە هۆی بەرەوپێشەوەبردنی دیپلۆماسیەتی کورد. ئاماژەیشی دا، تورکیا ڕازی بووە بەشداری لە شەری ڕزگارکردنی مووسڵ بکات، بەڵام بەغدا جارێ ڕازی نییە.

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) بەڕێوەبەری ڕاگەیێنگەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەرپرسە گەورەکانی وڵاتان بۆ ئەوە دێن بۆ ھەرێمی کوردستان دەستخۆشی لە ھێزی پێشمەرگە بکەن و، لەگەڵ سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستاندا دۆستایەتی بکەن، کە ھاوپەیمانین لە شەڕی دژی داعش و، ھەر کامێکیشیان ھاتبێتن، پشتی ھێزی پێشمەرگەیان گرتووە، ئێمەیش وەکو وەزارەتی پێشمەرگە ڕوونکردنەوەی تایبەتمان پێ داون، کە پێویستمان بە چی ھەیە لە ڕووی مەشق و ڕاھێنان و، چەکوچۆڵەوە."

عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) گوتیشی: "لە ڕووی دیپلۆماسییشەوە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەتی دەخوێنرێتەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و، پێشمەرگەش لەو دیپلۆماسیەتەدا ڕۆڵی خۆی ھەبووە و، بووەتە هۆی بەرەوپێشەوەبردنی دیپلۆماسیەتی کورد."
سەبارەت بە ھاتنەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری ڕاگەیێنگەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھاتنەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ھەرێمی کوردستان جیاوازە لە سەردانی بەرپرسانی دیکە، چونکە ئەگەرچی پشتگیریی خۆی بۆ ھاوکاریکردنی ھاوپەیمانیەتییەکە دەربڕیوە، بەڵام بە کردەوە جارێ هیچی نەکردووە و، ھاتنەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، پشتگیرەیەکە بۆ ھەرێم و بەغدا."
دەیشڵێت ئەم ھاتنەی لەم کاتەدا، کە ھاوپەیمانان سەرقاڵی دانانی پلانی ڕزگارکردنی مووسڵن، ئەوانیش سەرباری پشتگیری، ئامادەیی خۆیشیان دەربڕیوە کە بەشدار دەبن لەو پرۆسەیەدا؛ کە ئەمەیش ھەڵوێستێکی ئەرێنییە، ئەگەرچی بەغدا جارێ ڕەزایەتی نەداوە.
سەبارەت بەبەشداریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی ڕزگارکردنی مووسڵدا، عەمید (ھەڵگورد حیکمەت) ڕایگەیاند: "جارێ ھیچ بڕیارێک نەدراوە ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت یان نا؛ وا سەرکردایەتیی کورد تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات، چونکە مووسڵ زۆر جیاوازە لە شارەکانی دیکە و، ھەموو لایەک سەرقاڵی ئەوەن چۆن پلانی ڕزگارکردنی دابنرێت."
Top