سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە وەزیری كاروباری دەرەوەی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد

سەرۆك بارزانی  پێشوازیی لە وەزیری كاروباری دەرەوەی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری كاروباری دەرەوەی كەنەدا ڕایگەیاند، پێشمەرگە داعشی تووشی شكست كرد و ئوستوورەی تیرۆریستانی شكاند كە 15 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لە ژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە. وەزیری كاروباری دەرەوەی كەنەدایش دووپاتی كردەوە، وڵاتەكەی بە شێوەیەكی درێژخایەن پابەند و بەردەوام دەبێ لە هاوكاریی سەربازی و مرۆڤی بۆ هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 5ـی 3ـی 2105 لە شاری هەولێر پێشوازیی لە وەزیری كاروباری دەرەوەی كەنەدا (ڕۆبێرت نیكڵسۆن) و شاندێكی یاوەری كرد كە لە باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق (بروونۆ ساكۆمانی) و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا پێك هاتبوو.
لە دیدارەكەدا وەزیری دەرەوەی كەنەدا سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە خۆی و شاندی وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا كراوە و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشەكانی تیرۆریستان لەسەر ئاساییشی جیهان، ئەوەی خستە ڕوو كە وڵاتەكەی زۆر زوو پابەندی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی لە دژی تیرۆریستان بوو و بە شێوەیەكی كردەیی بەشداری لەم هاوپەیمانەتییەدا كرد. وەزیری دەرەوەی كەنەدا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایشیگەیاند، كەنەدا بە شێوەیەكی درێژخایەن پابەند و بەردەوام دەبێ لە هاوكاریی سەربازیی و مرۆڤی بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها لە ئاییندەدا لە بوارەكانی تەكنەلۆژیای زانیاری و كشتوكاڵ و دارایی لەگەڵ كوردستاندا لە پەیوەندی و هەماهەنگیی درێژخایەن و بەردەوامدا دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری دەرەوەی كەنەدا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی بەشداربوونی لە شەڕی دژی تیرۆر بە پشكی خۆی دەزانێ وەك بەرپرسیارەتیی پاراستنی ئاساییشی جیهانی. هەروەها سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستانی كرد كە بە بێ ڕەچاوكردنی ئایین و نەتەوە و بە بێ جیاوازی یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانیان داوە و ئەو بابەتەیش بووەتە جێگەی پێزانین و سەرسامیی جیهانیان.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی حكوومەت و گەلی كەنەدای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا پشتیوانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوونە و ئاستی هەماهەنگی و ئەدای تیمە سەربازییەكانی وڵاتی كەنەدای لەم شەڕەدا بە زۆر باش وەسف كرد و ئەوەی خستە ڕوو كە گەلی كوردستان هەرگیز ئەو پاڵپشتییەی وڵاتی كەنەدا لەبیر ناكات و پێزانینیان بۆ پشتیوانیی گەلی كەنەدا هەیە.
(سەرۆك بارزانی)) سوپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانیشی كرد كە لە شەڕەكەدا هاوكاری پێشمەرگە بوونە و ئەو هاوكارییەی بە كاریگەر لە قەڵەم دا. هەروەها (سەرۆك بارزانی) ئاماژەیشی بە ئاوارەبوونی سەدانهەزار هاووڵاتی كرد كە لە ئەنجامی هەڕەشەی تیرۆریستان ئاوارە بوونە و ئەوەی خستە ڕوو كە پێشمەرگە بە گیانی خۆی بەرگری لە ئاوارەكان كردووە و دەیانپارێزێت و یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكانیشی بە ئەركێكی مرۆڤی و نیشتیمانی زانی.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی باس كرد كە باشترین ڕێگەی بۆ هاوكاریكردنی ئاوارەكان گەڕانەوەی ئاوارەكانە بۆ شوێنەكانیان و پاراستنیانە لە هەڕەشەكان. لەبارەی شەڕی تیرۆریستانیش (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوە دا كە پێشمەرگە داعشی تووشی شكست كرد و ئوستوورەی داعشی شكاند و 15 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەژێر دەستی داعش ڕزگار كردووە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) پێشوازیی لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا كرد لە بوارە جیاجیاكان كرد و بە هەنگاوێكی دڵخۆشكەری زانی. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە بوونی جالیەی كوردی لە وڵاتی كەنەدا سوپاسی گەلی كەنەدایشی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشی بۆ ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی كورد كردووەتەوە و پەنای داون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە، لەم كۆبوونەوەیە جێگری سەرۆكی حكوومەت (قوباد تاڵەبانی) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم (فوئاد حوسێن) و وەزیری پلاندانان (عەلی سندی) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم (فەلاح مستەفا) و باڵیۆزی عێراق لە كەنەدا (عەبدولڕەحمان ئەلحوسەینی) ئامادە بوون.
Top