پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی ڕاپەڕین

پەیامی سەرۆك بارزانی لە یادی ڕاپەڕین
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەكەی 1991 و ئازادبوونی شارەكانی كوردستان لەژێر دەستەڵاتی بەعسی شۆڤینیدا گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و لایەنە سیاسی و گشت چینوتوێژەكانی كوردستان دەكەم. لەم یادە پیرۆزەدا سوپاسی خەڵكی خۆڕاگر و شەهیدپەروەری كوردستان دەكەم كە بە خوێنی خۆیان پشتگیریی پێشمەرگەیان كرد و داستانی ڕاپەڕینیان تۆمار كرد.

ڕاپەڕین درێژەپێدەری خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و، وەرچەرخانێكی مێژوویی لە ژیانی گەلی كوردستان بوو كە ئازادی و دەستكەوتی گرانبەهای لێ كەوتەوە. ڕاپەڕینی گەلی كوردستان و پێشمەرگە لەدژی زوڵم و داگیركارییدا نیشانەی بەهێزیی ئێرادەی گەلی كوردستان بوو لەدژی چەوساندنەوە و داگیركاریدا و، پەیامێكیش بوو بۆ هەموو جیهان كە گەلی كوردستان هیچ كاتێك ژێردەستی و ستەم قبووڵ ناكات.

ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان بۆیە سەركەوت چونكە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكی كوردستان یەكڕیز بوون و لە یەك سەنگەردا بوون. ئەم سەركەوتنە مەزنە بەڵگەیە بۆ ئەوەی كە ئێمە هەر كات یەك بووبین دەستكەوتی مەزنیش بۆ گەلەكەمان بەدیهاتوو. ئەگەر هەندێجار سەرباری خەبات و قوربانیدانێكی زۆر، دەستكەوت بۆ گەلی كوردستان بەدینەهاتبێت ئەوە مانای بەهێزیی دوژمنان نەبووە بەڵكو نەبوونی یەكبوون و یەكڕیزی وای كردووە دەستكەوت بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر نەبن.

ڕاپەڕین وانەی یەكڕیزی و بەگژهاتنەوەی زوڵم و داگیركاری و سەركەوتنی گەلەكەمانە و پێویستە ئەم وانەیە ببێتە سەرمەشق بۆ هەموو قۆناغەكانی خەباتی گەلەكەمان. ئێستایش كە گەلەكەمان قۆناغێكی هەستیار و دژوار بەسەردەبات و لەگەڵ تیرۆریستان لە شەڕدایە زیاتر لە هەموو كاتێك دەبێ دەست بە یەكڕیزییەوە بگرین و دەستكەوتەكان بپارێزین و سەركەوتن بۆ گەلەكەمان مسۆگەر بكەین.

بژی كورد و كوردستان

نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
5ـی 3ـی 2015
Top