شەوی ڕابرد لە بەرەكانی باشیك، كەسك و شنگال 61 داعش كوژران.. دووانیان ئەمیرن

 شەوی ڕابرد لە بەرەكانی باشیك، كەسك و شنگال 61 داعش كوژران.. دووانیان ئەمیرن
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رەوشی مووسڵ دەڵێت، دوێنێ شەو لە شنگال تیرۆریستان هێرشیان هێنا، بەڵام هەر زوو هێزی پێشمەرگە (20)-ی لێ كوشتن، هەروەها لە ناوچەی كەسكیش (31) داعش كوژراون و لە باشوكیش لە ئەنجامی بۆردوومانەكانی هێزی پێشمەرگە زیاتر لە (11) داعش كوژراون.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای مووسڵ (سەعید مەموزینی) بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، سەعات 11-ی دوێنێ شەو لە شنگال تیرۆرستانی داعش هێرشیان هێنا، بەڵام هەر زوو هێزی پێشمەرگە لێیان هاتنە دەست و تێك شكێنران، لە هێرشەكەیشیاندا (20) تیرۆریست كوژران كە دووانیان ئەمیری گەورەی داعشن.

(مەموزینی) دەشڵێت، شەوی ڕابرد لە میحوەری باشوك تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگە بنكە و بارەگاكانی تیرۆریستانیان بە چڕی بۆردوومان كردووە و لە ئاكامیشدا زیاتر لە (11) تیرۆرستی داعش كوژران.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ئاماژەیشی دا، دوێنێ شەو (31) تەرمی تیرۆریستانی داعش گەیشتوونەتەوە ناو شاری مووسڵ كە لە بەرەكانی جەنگ كوژراون.

هەمدیسان شەوی ڕابرد تیرۆریستان لە ناوچەی كەسك هێرشیان هێنا، بەڵام زۆر خراپ تێك شكان كە بەپێی زانیارییەكان ئەو 31 تەرمەی گەڕێنراوەتەوە شاری مووسڵ لە شكستەكەی ناوچەی كەسك كوژرابوون.

ئەو بەرپرسە هەروەها ڕوونیشی كردەوە، لە سەنتەری شاری مووسڵ لە گەرەكی (دەنەدان)ـدا لە ناو بارەگایەكی تیرۆریستانی داعش بۆمبێك تەقیوەتەوە و لەئەنجامدا (9) تیرۆریست كوژراون و (8)-ی دیكەیش بریندار بوون.
Top