كورد ئەگەر سازش لە ناوخۆیان بكەن هیچ ئاستەنگێك ناتوانێ رێگە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیان بگرێت

كورد ئەگەر سازش لە ناوخۆیان بكەن هیچ ئاستەنگێك ناتوانێ رێگە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیان بگرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئالۆن بن مایەر ئەكادیمیست و رۆژنامەنووس و شرۆڤەكاری سیاسی بۆ گوتى: ئەوەی لە ئێستا روودەدات دەرئەنجامی چەند رووداوێكە كە لە سەرەتای سەدەی بیستدا روویاندا كە جەنگی یەكەمی جیهانی بەرپا بوو، دواتر جەنگی دووەمی جیهانی بەدوادا داهات، كە هێزە گەورەكان بێ لەبەرچاوگرتنی گرووپە ئیتنی و تایفەگەرییەكانی ناوچەكە سنوورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان داڕشت، لە نێویاندا شیعە و سوننە و كورد و ئەرمەنی و ئەوانی دیكە. ئەوە خاڵی یەكەم، خاڵی دووەم پەیوەستە بە سەرهەڵدانی ناكۆكیی نێوان عەرەب و ئیسڕائیل دوای جەنگی دووەمی جیهانی، ئەمەش هۆكارێكی دیكەی ناسەقامگیری بوو لە بەشی زۆری جیهانی عەرەبیدا. هۆكاری سێیەم بە تێڕوانینی من شەڕی عێراق و ئەفغانستان بوو، ئەم دوو شەڕە، بەتایبەتی شەڕی عێراق هاوسەنگی هێزی تێكدا، بەتایبەتی لە نێوان عێراق و ئێراندا، كە هەمیشە سیاسەتی ئەمریكا و ئەوروپا ئەوە بوو رێگە نەدەن هیچ لایەكیان باڵادەست بێت و سیاسەتی ئیحتیواكردنیان پیادە دەكرد.

ئالۆن بن مایەر هەروەها گوتی: دەرئەنجامی شەڕەكە ئەوە بوو عێراق بكەوێتە ژێر كاریگەریی ئێرانەوە و دەرفەتی بۆ ئێران خوڵقاند بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی خۆی بچەسپێنێت بەسەر پانتاییەكی بەفراواندا لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بەرەو كەنداو، دەسترۆیشتووییەكی زۆریشی هەیە لە عێراق و لە رێی رژێمەكەی ئەسەدیشەوە كاریگەریەكی گەورەی هەیە لە سووریا و مومارەسەی دەستڕۆیشتووییەكی زۆیش دەكات لە لوبنان لە رێی حزبوڵڵاوە. ئەمەش هاوسەنگیی نێوان شیعە و سوننەی هەژاندووە و سوننەكانیش بە رابەڕایەتی سعودیە ترسیان لێنیشتووە كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەوێتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە، بە دڵنیاییەوە ئەمە ئەوە روون دەكاتەوە كە بۆچی ئێران شەڕی پاراستنی دەستڕۆیشتوویی خۆی دەكات لە سووریا و بێگومان لە لوبنانیش. لە ئێستادا شیعەكان زۆرینەن لە ناوچەی كەنداو و سوریادا، لەبەر ئەوەی شیعەكانی عێراق و ئێران زیاتر لە سوننەكانی كەنداو- بە ئوردنیشەوە-، كە نزیكەی 72 ملیۆن شیعەیە لەبەرامبەر نزیكەی 53 ملیۆن سوننە لەو ناوچەیەدا، بە دڵنیاییەوە ئەمە گۆڕانكارییەكی جیوپۆلەتیكی گرنگە لە ناوچەكەدا، نەك لەبەر ئەوەی ئەمە دیاردەیەكی نوێیە، بەڵكو لەبەر ئەوەی زۆرینەیەكی شیعە هەیە لە ناوچەكەدا و ئێرانیش لە پێگەی پتەوكردنی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەری ئیقلیمی خۆیدایە.

شایانی باسه مایەر هەروەها گوتی: بە تێڕوانینی من چەند دەیەیەكی پێدەچێت بۆ ئەوەی جیهانی عەرەب و جیهانی ئیسلام بگەنە ئەو دۆخەی كە بتوانن هاوسەنگییەك لە نێوان فۆرمێكی دیموكراتی حوكمڕانی و ئایین بدۆزنەوە، ئەمە ماوەیەكی دوور و درێژی دەوێت و شەڕێكی دوور و درێژیشی لێدەكەوێتەوە، ئەمە شتێكی حەتمیە، چونكە زۆرینەی پیاوان و ئافرەتانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی هۆشیارن بە كەلتووری رۆژئاوا و لە مانای ئازادبوون و یەكسانی تێدەگەین و لە مانای ئومێد بە گەشەكردن و بەرەوپێشچوون تێدەگەن و یاخی دەبن لەو سیستمەی سیاسییەی لە ئارادایە تاوەكو دەگەنە ئەو ئەنجامە، بە راستی ئەمە ئامانجی بەهاری عەرەبی بوو، بەهاری عەرەبیش تەنها ئەو كاتە دەست پێدەكات كە دەوڵەت و سەرۆك وڵاتان و حكومەتە عەرەبییەكان بگەنە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت وردە وردە دەست لە هەندێ دەسەڵات هەڵبگرن و دەسەڵاتی زیاتر بدەن بە هاووڵاتیان، بەڵام ئەمە دوای خوێنڕێژییەكی زۆر دروست دەبێت كە سەدان هەزار ئەگەر نەڵێم بە ملیۆنێك خەڵك لە ناو دەچن، بەهۆی ئەو شەڕەوە پێش ئەوەی ئەو سیستمە نوێیە بێتەئاراوە.


لە كۆتایی قسەكانیدا ئالۆن بن مایەر گوتی: ئەوەی هاتۆتە ئاراوە لە دەركەوتنی داعش، ئەو راستییەی روون كردۆتەوە كە لە ئێستادا داعش دوژمنی سوننە و شیعەیە لە یەك كاتدا، بەو هۆیەشەوە ئێستا شەڕی راستەخۆ لە نێوان شیعە و سوننەدا راوەستاوە، لەبەر بوونی دوژمنێكی هاوبەش. راستە لەسەرەتادا داعش پێشڕەوی كرد، بەڵام ناتوانن لەوە زیاتر بەرەوپێش بچن و لە راستیدا لە ماوەی دوو تا سێ مانگی رابردوودا پێشڕەوییان نەكردووە. رەنگە بانگەشەی ئەوە بكەن كە خاكی زیاتریان بەدەست هێناوە، بەڵام لە راستیدا واقیعەكە وانییە، ئێستا ئەمریكا و ئەوروپا بە هاوكاری سعودیە و وڵاتانی كەنداو و ئەوەی جێی بایەخ و سەرسوڕمانە بە پشتیوانی ناڕاستەوخۆی ئێران، لە بەرامبەر داعشدا پێشڕەوی دەكەن. بە تێڕوانینی من داعش لە مەودای دووردا سەركەوتوو نابێت، رەنگە بتوانن بۆ دوو تا چوار پێنج ساڵی دیكە شەڕ بكەن، بەڵام لە كۆتاییدا ناتوانن بەرەنگاری ئەو هەموو هێزانە ببنەوە كە دەیانەوێت داعش تێكبشكێنن، هەر كاتێكیش داعش لە گۆڕەپانەكەدا نەما، ئەوا ناكۆكی لە نێوان شیعە و سوننە سەرهەڵدەداتەوە و شەڕی سوننە و شیعە دەست پێدەكاتەوە.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1016)
Top