هەڵوەشانەوەی نەخشەی سایكس پیكۆ كلیلی چارەسەری كێشەكانە، بەڵام كێ نەخشە تازەكە دادەڕێژێتەوە؟

هەڵوەشانەوەی نەخشەی سایكس پیكۆ كلیلی چارەسەری كێشەكانە، بەڵام كێ نەخشە تازەكە دادەڕێژێتەوە؟
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جۆن ئەنتۆنیۆ فلۆد پسپۆڕی یاسای نێودەوڵەتی بۆ گوتى:تا ئەو راددەیەی كە ئەمریكا تەبەنی بیرۆكەكانی فۆكۆیاما دەكات كە پەیوەستن بە كۆتاییهاتنی شەڕی سارد بریتی بوو لە كۆتایی هاتنی مێژوو، ئەمە سەركەوتنی سەرمایەداری بوو. هەروەها بەوەی دیالێكتیكی ماركسیست گەیشتە دەرئەنجامی خۆی. ئەگەرچی فۆكۆیاما درك بەوە دەكات كە بیردۆزەكەی زیادەڕەوی تێدا كرا و هەڵە بوو. جۆرج بوشی باوك باسی لە سیستمی نوێی جیهانی كرد كە لە شەڕی ساردەوە سەریهەڵدا. ئەم بیركردنەوەیە پشت بە ئایدیای جیهانی تاكجەمسەری دەبەستێت (دوای هەرەسهێنانی جیهانی دووجەمسەری بە هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی سۆڤیەت) لە كاتێكدا حاڵی حازر ئێمە لە جیهانێكی فرەجەمسەریدا دەژین كە لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر هێز تێیدا پەرش و بڵاو بۆتەوە. ئەمریكا دەستی گرتووە بە بیرۆكەی پاكس ئەمریكاناوە تا ئەو كاتەی پێیوایە سوپاكەی توانای راگرتنی ئاسایشی جیهانی هەیە، بەڵام فرەجەمسەری ئەم ئەركە قورستر دەكات بەتایبەتی كاتێك دەردەكەوێت هاوپەیمانەكان پابەند نابن بە پاراستنی ئاسایشی جیهانەوە.

جۆن ئەنتۆنیۆ هەروەها گوتی: ئەگەر ئەمریكا دان بە هەرەسهێنانی سیستمەكەدا بنێت، ئەوا ئەمە دانپێدانانە بە لاوازی خۆیدا. ئەو ناتوانێت ئەم كارە بكات. كاریگەری رەمزی ئەم دانپێدانانە كاریگەرییەكی مەزن و رووخێنەر دەبێت لەسەر پێگەی هەژمونگەرایی ئەمریكا. هەڵكشانی هێزی سەربازی چین بە مانای ئەوە دێت كە ئەمریكا نائارەزوومەندانە تێوەگلاوە لە پێشبڕكێیەكی دیكەی خۆپڕچەككردن. درێژەدان بە پابەندبوونی سەربازی بارگرانییە، هەر لەبەر ئەمەشە وەبەرهێنانێكی زۆر دەكات لە پەرەپێدانی تەكنەلۆژیا وەك چارەسەرێك. لەگەڵ ئەوەشدا، مەزنترین ئابووریناس «جۆن مایانارد كەینیس» دەڵێت: بۆی هەیە باجی ئاشتی زۆر گەورەتر بێت كە وڵاتان نەتوانن بەرگەی بگرن. شەڕ چالاكییەكی ئابووری زۆر و زەوەند و داهێنانكارانەی لێ دروست دەبێت، سەرەڕای ئەوەی قەرزیشی لێدەكەوێتەوە. كەواتە پێویستە ئەمریكا مەترسیی سیستمی هەرەسهاتوو فەرامۆش بكات.

شایانی باسە ئەنتۆنیۆ فلۆد هەروەها گوتی: رووسیا هەوڵ دەدات شكۆی رابردووی قەیسەر و كۆمۆنیستەكان بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام خۆی لە هاودژییەكدا دەبینێتەوە. ئەگەرچی پۆتین بە چەشنی ستالین دەستی داوەتە بە مەركەزیكردنی دەسەڵات (كۆنتڕۆڵ) بەڵام ئامرازی سەپاندنی لەبەردەستدا نییە. ئەو بە شێوەیەكی مەترسیدار پێگەیەكی لە نێوان كۆنتڕۆڵ و پشێویدا جێگیر كردووە. كەمبوونەوەی داهاتی فرۆشتنی سەرچاوە سروشتییەكان بە مانای ئەوە دێت كە ئەو دەستە و تاقمە بچووكەی كە دەوڵەمەندی كردوون، بۆی هەیە دژی هەڵگەڕێنەوە. لە بری سیستمێكی تەقلیدی كۆنتڕۆڵكردنی ئابووری بە چەشنی ئەوەی لە رۆژگاری كۆمۆنیزمدا لە ئارادا بوو، پۆتین فۆرمێكی سەرمایەداری كاوبۆ ئاسا پیادە دەكات كە هاوشانە بە چەتەیەكی رێكخراو. ئەگەر وریا نەبین ئەوا پۆتین لە دۆخێكدا جێدەهێڵین كە تاكە بژاردەی بەردەمی بریتی بێت لە رێگەچارەی هیچ، یان هەموو شتێك. ئەمەش بۆ سەرتاسەری جیهان كارێكی مەترسیدارە، بەڵام ئەو تەنها نموونەیەكە لە پەرەسەندنی جیهانی فرەجەمسەری، هەروەها ئێران و چین و هیندستان كە بوونەتە جێی سەرنج و بەشدارییەكی روو لە زیادیان هەیە لە سیستمی جیهانیدا. هەر یەكێك لەم وڵاتانەدا لە رووی سەربازی و ئابوورییەوە گرنگن.


لە درێژەی قسەكانیدا فلۆد گوتی: دەوڵەتێكی ئاسایی ناتوانێت دژی ئەم جۆرە هێرشانە پارێزگاری لە خۆی بكات. چونكە - ئەو هێرشانە- زۆر بچووك و لێكدابڕاون. ئەمانە دەچنە خانەی شەڕی گەریلایی و تاكتیكی كۆماندۆوە كە یەكەمجار لە شەڕی بویر (Boer War) بەكار هات. ئەمانە لەگەڵ ستانداردەكانی شەڕدا ناگونجێن. مەسەلەی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی ئەم جۆرە هێرشانە بریتییە لە بەكارهێنانی زیاتری چالاكی هەواڵگری، بەڵام ئەگەر حكومەت هەوڵیدا پتر دەستی بە زانیارییەكانی پەیوەست بە هاووڵاتیان بگات، ئەو كاتە خودی دەوڵەتەكە دەبێتە دوژمنكار لە ئاست ئازادیدا. پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، ئایا خەڵكی دەتوانن خۆڕاگربن لە ئاست ئەم كارەدا؟ كاردانەوەكان لە ئاست ئاشكراكردنەكانی سنودندا ئەوە دەخەنەڕوو كە خەڵكی لەم رووەوە گەیشتوونەتە سنوورێك. ئەگەر بتوانین هاوكاری بكەین لە بواری هەواڵگریدا، ئەوا ئەمە كارێكی یارمەتیدەر دەبێت، بەڵام تۆماری ئێمە لەم رووەوە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا تۆمارێكی باش نییە و پێموایە دەرفەتێكی كەممان لە پێشە بۆ گۆڕانكاری.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئەنتۆنیۆ فلۆد گوتی: نیگەرانی من ئەوەیە گرووپگەلێكی وەك داعش وەك ئەو ئەژدیهایە بێت كە لە ئەفسانەكاندا باسكراوە، كاتێك سەرێكی دەپەڕێنیت، دوو سەری دیكەی دروست دەبنەوە. ئەم گرووپانە شێوەنەگرتوون و بەردەوام خۆیان دادەڕێژنەوە و شێوەی دیكە وەردەگرن. لە سایەی ئەو دۆخە كە ئێستا لە ئارادایە باوەڕم وا نییە بتوانرێت شكستیان پێبهێندرێت. ئەگەرچی دەتوانین لاوازیان بكەین.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1016)
Top