كاك مسعود بارزانی سەرۆكێكی پێشمەرگەیە و ئاگای لەو ئامانجانەیە كە پێشتر خەباتی بۆ كردوون
محەمەدی حاجی مەحمود هەروەها گوتی: خاڵێكی دیكەی زۆر گرنگ، كە رەنگە لای خۆمان وەك كورد ئاسایی بێت، ئەویش ناردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو بۆ كۆبانێ، بەڵام ئەم پرسە زۆر گرنگە و سنووری سیاسیی هەر سێ دەوڵەتی (عێراق، توركیا، سووریا)ی بڕیوە تا گەیشتۆتە كۆبانێ، ئەمە وەرچەرخانێكی گەورەیە، ئێستا پێشمەرگە بە چەك و ئاڵای كوردستانەوە لە ناو ئاپۆرای پێشوازی كوردی توركیا و سووریا لە هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە توركیا و لەوێوە بە قووڵایی 280كم دەچێتە ناو خاكی سووریا. خاڵێكی دیكە كە تایبەتە بە بارودۆخی نێوان هەرێم و بەغدا، ئاشكرایە ئێمە زۆربەی كێشەكانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بووە، لەبەر ئەوەی كە دەگەیشتە ئەوەی خاكەكەی خۆمان بگێڕینەوە، ئاستەنگیان دروست دەكرد و جێبەجێیان نەدەكرد، بەڵام بەشێكی زۆر ئەو خاكەی كە پێشتر ماددەی 140 بووە ئێستا لەبەردەستی خەڵكی كوردستانە.
شايانيى باسه حاجی مەحمود هەروەها گوتی: ئەم بارودۆخەی ئێستا دەوڵەتی عێراق بەرەو دابەشبوون دەبات، لەناو پرۆسەی سیاسی عێراقیشدا هەر سێ سەرۆكایەتی كۆمار و حكومەت و پەرلەمان بە سەر هەرسێ لایەنی كورد و سوننە و شیعە دابەشكراوە، لە ناو سندوقەكانی دەنگدانیشدا، كە زیاتر لە دوو ملیۆن و شەست هەزار كەس لە كوردستان دەنگیان داوە، یەك دەنگ بۆ یەك كورسی شیعە، یان سوننە نەدراوە، بەهەمان شێوە لەناوچەكانی سوننەی عێراق دەنگ بە سوننە دراوە و لەناوچەكانی شیعەش دەنگ بە شیعە دراوە، بۆیە لەناو سندوقی دەنگدانیشدا عێراق دابەش بووە، لە رووی جوگرافیشەوە ئێستا عێراق سێ بەشی جیاوازە، كوردستان حكومەتی خۆی هەیە، لە موسڵ و ناوچە سوننەكان حكومەتێكی دیكەیە و لە بەغداش حكومەتێكی دیكەیە، ئەمە مانای ئەوەیە عێراق لە رووی جوگرافیشەوە ئێستا دابەش بووە، بۆیە زۆر جار كە باسی یەكپارچەیی عێراق دەكرێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا مەحمود هەروەها گوتی: هاتنی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەركووك، سەردانێكی ئاساییە، لەبەر ئەوەی ئەو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە، پێش سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو هێرشی گەورەی تیرۆریستانی داعش كرابووە سەر كەركووك، بەڵام هەر دوو هێرشەكە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تێكشكێندرابوو، بەتایبەتی لە دوایین هێرشیاندا زیاتر لە 100 لاشەی تیرۆریستانی داعش كەوتبووەوە دەستی هێزی پێشمەرگە، هەروەها تیرۆریستان زەرەر و زیانێكی گەورەیان بەركەتووە، دوای ئەمانە هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كەركووك بایەخی تایبەتی خۆی هەبووە، لایەنێكی بەسەركردنەوەی كەركووك بوو، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەی بووە لە گەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە و پێداچوونەوە بە هێزەكاندا.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1016)
