لە عێراقدا سوپا نەیتوانی دەستوور و یەكپارچەیی بپارێزێت بۆیە ئێستا بەكردەیی ئەو وڵاتە دابەش بووە

لە عێراقدا سوپا نەیتوانی دەستوور و یەكپارچەیی بپارێزێت بۆیە ئێستا بەكردەیی ئەو وڵاتە دابەش بووە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز پسپۆر لەسەر رەوشی سووریا و عێراق بۆ گوتى: بەم دواییە كۆنفرانسێكم هەبوو لەگەڵ پڕۆفیسۆرەكانی كۆلێژی جەنگی لە واشنتۆن دی سی، باس لەو هاوسەنگییە هەستیارە كرا كە دەبێت بهێندرێتەئاراوە لە پەیوەندی بە پرسی پێدانی چەك بە پێشمەرگە و هەروەها بە سوپای عێراق، ئەوانەی لە كۆلێژی جەنگی بوون رایانگەیاند ئەگەر چەكێكی زۆر بە پێشمەرگە بدرێت، ئەوا دەست بەسەر كەركووكدا دەگرن و ئەگەر چەكێكی زۆر بە بەغدا بدەن، ئەوا وەك گڵۆپی سەوز سەیری دەكەن بۆ پێشڕەویكردن بەرەو كەركووك. لەبەر ئەوەی داعش ناوچەكەی ناسەقامگیر كردووە، ئەوا پێشمەرگە و حكومەتی بەغدا داوا لە واشنتۆن دەكەن چەكی زیاتریان بدەنێ و هێزەكانیان بۆ بنیات بنێنەوە و شەراكەتی سەربازییان لەگەڵدا بكات، لەبەر ئەوە پێشبڕكێیەك هەیە بۆ بەدەستهێنانی چەكی باشتر بۆ باشتركردنی پێگەی خۆیان لە كەركووك. ئەمە پرسێكی زۆر مەترسیدارە بۆ ئەمریكا كە دەیەوێت شەراكەت لەگەڵ كورد و عەرەبدا بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا هاوسەنگییە هەستیارەكە لە كەركووك تێكنەدات. لێدوانەكانی حەشدی شەعبی شیعە ورووژێنەرن و ئەوە روون دەكەنەوە كە بارودۆخەكە چەند هەستیارە.


جۆشوا لاندیز هەروەها گوتی: گرنگە گفتوگۆ بكرێ و هێڵی زۆر روون دیاری بكرێت و پێگەیەك بۆ شارەكە دیاری بكرێت كە لە هەردوو لاوە مایەی قبووڵكردن بێت، بەپێچەوانەوە ئەوا دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ و دەبێتەهۆی خراپبوونی پەیوەندیەكی بەغدا و هەولێر، خۆ ئەگەر -بارودۆخەكە- بتەقێتەوە، ئەوا كاریگەرییەكی زۆر خراپی لەسەر عێراق دەبێت. پەیوەندییەكانی بەغدا و كورد زۆر گرنگن بۆ ئایندەی عێراق و هەروەها بۆ ئایندەی كوردستانیش. ئەگەر هەردوولا لەسەر یەكلاكردنەوەی كەركووك و ململانێكردن لەسەر كەركووك رێككەون و دادپەروەری بۆ كورد و عەرەبەكانی كەركووك دەستەبەر بكرێت، ئەوا ئەمە نەك هەر گرنگی بۆ كەركووك دەبێت، بەڵكو بۆ شوێنەكانی دیكەی عێراقیش كە پێویستی بە لێتكتێگەیشتن و ڕێككەوتن هەیە، لەبری ئەوەی لایەنێك بەرژەوەندییەكانی خۆی بەسەر لایەنێكی دیكەدا بسەپێنێت، بە داخەوە شیعە لە ئاست سوننەكاندا سیاسەتێكی جیاكارییانەی پیادە كردووە و لە دەرئەنجامدا داعش توانیویەتی ئەو پەیوەندیە خراپە بۆ بەرژەوەندی خۆی ئیستیغلال بكات و زیانێكی زۆریش بە هەموو لایەك گەیاندووە.

شایانی باسە لە پرسیارێكی گۆڤاری گوڵاندا كە ئایا تا چ راددەیەك مەترسی ئەوە هەیە ئەمە هێزە جێی سوپای عێراق بگرێتەوە و ئەمەش مەترسی ئەوە دروست دەكات جۆشوا لاندیز گوتی: بە داخەوە ئەمە ئەو دۆخەیە كە لە دوای تێكشكاندنی دەسەڵاتدارێتی سوننە بە سەر عێراقەوە هاتۆتە ئاراوە و هەلومەرجێك دروست بووە كە هەر كەسێك خۆی گرێدەداتەوە بە ناسنامە ئایینی و ئیتنییەكەیەوە و ناسنامەی عێراقی بوون لە ئارادا نەماوە. كێشەكە ئەوەیە ئایا كاركردنی ئەمریكا و پێشمەرگە لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا دەبێتە هۆی دووبارە دروستكردنەوەی ناسنامەیەكی نیشتمانی عێراقی لە بری چەسپاندنی ناسنامەیەكی شیعەگەری تایفەگەری. كێشەی سەرەكی ئەوەیە سوپا كە بڕیار بوو نوێنەرایەتی دەستوور بكات و بەرگری لە دەستوور و لە ناسنامەی عێراقی بوون بكات، هەرەسی هێنا، لەبەر ئەوەی گرفتار بوو بەدەست گەندەڵییەوە، لە ئێستادا عێراق لە بارودۆخێكی خراپدایە، هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كەس نوێنەرایەتی عێراقی نەدەكرد، بەڵكو نوێنەرایەتی گرووپە تایفەگەرییە جیاوازەكانی دەكرد، میلیشیا شیعەكانیش زۆر سەركەوتوو بوون لە بەرپێگرتن بە داعش.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1016)
Top