زەعیم عەلی: داعش هێرشی هێنابێ، كەسیان بە سەلامەتی نەگەڕاونەتەوە

 زەعیم عەلی: داعش هێرشی هێنابێ، كەسیان بە سەلامەتی نەگەڕاونەتەوە
فەرماندەی میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە دەڵێت، تیرۆریستانی داعش زۆر بە كەمی دەبیندرێن، تەنیا بە شەو دەردەكەون و جورئەتی ئەوە ناكەن كە هێرش بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەن، چونكە پێشتر تاقییان كردووەتەوە و كەسیان لێ نەگەڕاوەتەوە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە (زەعیم عەلی) بۆ ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی، "لە میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلەدا رەوش زۆر ئارامە و تیرۆریستانی داعش زۆر بە كەمی دەبیندرێن، كە تەنیا بەشەو دەردەكەون؛ چونکە لەوە دەترسن كە هێرشیان بۆ بكەین، بۆیە مەبەستیانە بڵێن ئێمە لە ناوچەکەین، بەڵام داعش جورئەتی ئەوە ناكەن هێرش بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە میحوەرەكەماندا بكەن، چونكە پێشتر تاقییان كردووەتەوە و كەسیان لێ نەگەڕاوەتەوە".

(زەعیم عەلی) پێوەست بە شەڕی كۆڵان بە كۆڵانی شنگال دەڵێت، "تیرۆریستانی داعش لە شنگالدا جموجۆڵیان هەیە، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناوشارە ‌و خانووەكان لە یەكدییەوە نزیكن و كونیشیان كردوون بۆ ئەوەی ئاسانتر تێیدا بجوڵێنەوە، تیرۆریستان زیاتر سوود لە قەنناس وەردەگرن"، گوتیشی، چەند رۆژێك لەمەوبەریش هیرشیان هێنا، بەڵام شكان و 32 كەسیان لێ كوژرا و هەمیشە شكست دەبەن.

فەرماندەی میحوەری ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە سەبارەت بە شەڕی داهاتووی مووسڵیش ڕوونی كردەوە، "دووبارە سوپای عێراق خۆی رێك خستووەتەوە و مەشق دەكەن و چەكی پێشكەوتوویان بە دەست گەییشتووە، بەڵام ئەگەر هەر وەك سوپای جارانی (مالیكی) بن، ناتوانن مووسڵ لە داعش پاك بكەنەوە، چونكە مووسڵ شارێكی زۆر گەورەیە و پێویستی بە پلان و ستراتیژییەتێكی زۆر قووڵ هەیە، ئەگەر راستەوخۆ سوپای عێراق هێرش بۆ ناو مووسڵ بكات، بە چەند ساڵێكیش ناتوانن كۆنتڕۆڵی بكەنەوە، بۆیە پێویستە سەرەتا هەوڵی گەمارۆدانی شارەكە بدەن و سنووری سوریا دابخەن، بە بڕوای من ئازادكردنەوەی مووسڵ ئاسانە ئەگەر بە پلانێكی تۆكمە كاری بۆ بكرێت".
Top