سەرۆكی هەرێمی كوردستان حەشدی شەعبی لە شنگال رەتدەكاتەوە

سەرۆكی هەرێمی كوردستان حەشدی شەعبی لە شنگال رەتدەكاتەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، لە ناوچە كوردستانییەكان جگە لە هێزی پێشمەرگە رێگە بە دروستكردنی هیچ هێزێكی چەكدار نادرێت.

میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویانكردەوە، كە رۆژی 24ی شوباتی 2015 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان نامه‌یه‌كی‌ بۆ مستەفای سەید قادر، وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ ناردووه‌و تێیدا دژایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ بۆ پێكهێنانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ شنگال راگه‌یاندووه‌و فه‌رمانی‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌و یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌ رێگری‌ له‌ چالاكی‌ ئه‌و هێزه‌ بکات.

بارزانی‌ له‌ نامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌، دروستكردنی‌ هێزێكی‌ له‌و جۆره‌ دژی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی ‌‌و بنه‌مای‌ رێكخستنی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌یەو نابێ‌ له‌كوردستان هیچ هێزێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌بێت. بارزانی‌ جەختیكردووەته‌وه‌ "ئه‌و هێزه‌ نایاساییه‌و ده‌بێ‌ به‌ زووترین كات هه‌ڵبوه‌شێته‌وه"‌.

عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە رايگەیاند: "رێنماییەكان و هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان روون و ئاشكرایە لە بارەی بوونی هەر هێزێكی نایاسایی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی من ئەو نامەیەی بەڕێزیانم نەبینیوە، بەڵام بە بەردەوام جەنابیان رێنمایی و نامە بۆ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە دەنێرێت و وەزیریش سیاسەت و رێنماییەكان شۆڕدەكاتەوە خوارەوە".

عەمید هەڵگورد حیكمەت گوتی:" ئێمە هیچ بە دیلێك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان نابینین بە دانپێدانانی هەموو جیهان پێشمەرگە تاكە هێزە توانیویەتی داعش تێكبشكێنێ و سنوورداری بكات و رایبگرێت، بۆیە جیاوازییەكی زۆر لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراقی هەیە، چونكە سوپای عێراق فەشەلی هێناوە و شوێنی زۆری بۆ تیرۆریستان جێهیشتووە، بۆیە ئەو شوێنانەی پێشمەرگەی لێییە پێویست بە هێزی دیكە ناكات".

هێزەكانی پاراستنی شنگال، كە بە "حەشدی شەعبی شنگال" ناسراون لە هەزار چەكداری كوردی ئێزدی پێكهاتوون، رۆژی 12ی ئەم مانگە بە ئاشكرا مووچەیان لە بەغدا وەرگرت. ئەو هێزە خۆیان بە هێزی پاراستنی شنگال دەناسێنن، بەڵام بە فەرمی سەر بە حەشدی شەعبین و مووچەیان لە بەغداوە بۆ دێت.

ئەو هێزە كەسێك فەرماندەی دەكات بە ناوی حەیدەر شەشۆ، كە بەگوێرەی ماڵپەڕی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان هێشتا ئەندامی ئەو ئەنجوومەنەیە.







رووداو
Top