نوێترین زانیاری لەسەر تابلۆی ئۆتۆمبیلەکانی پارێزگای ھەڵەبجە
بەڕێوەبەری ھاتوچۆی پارێزگای ھەڵەبجە موقەدەم فازیل حەمە ئەمین بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند: سەرەڕای ئەوەی کە نزیکەی ساڵێکە بڕیاری بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە دەرچوە بەڵام تائێستا بەفەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەرێم و پارێزگاری سلێمانیەوە ئاگادار نەکراونەتەوە بۆ گرتنە بەری رێوشوێنی یاسایی تایبەت بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانی پارێزگای ھەڵەبجەو دەوروبەری.
روونیشی کردەوە: لەگەڵ بەفەرمی جێبەجێکردنی بڕیاری بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجەو دیاریکردنی پارێزگارو گێرانەوەی بەڕێوەبەرایەتیەگشتییەکان بۆ ھەڵەبجە ئەوانیش لای خۆیانەوە بەگوێرەی یاسا دەست بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان دەکەن و ئۆتۆمبێلی نوێ بەناوی پارێزگای ھەڵەبجە تۆمار دەکەن.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھاتوچۆی پارێزگای ھەڵەبجە جەختی لەوەشکردەوە: لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕیاری بەپاریزگاکردنی ھەڵەبجەو بڕیاردان بۆ گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان بەگوێرەی توانای خۆیان ھەوڵدەدەن لەزوترین کاتدا دەست بەوەرگرتنی مامەڵەی ھاوولاتیان بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی بەرنامەیەکی تایبەت لەکاتێکی دیاریکراودا مامەڵەی ھاوولاتیان بۆ گۆڕین و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان بەناوی پارێزگای ھەڵەبجەوە جێبەجێبکەن.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەڵەبجە بنکەکانی ھاتوچۆی ناحیەکانی ھەریەک لە سیروان, خورماڵ, بیارە و تەوێڵە لەخۆدەگرێت.
