17 کوردی ئێزدی لەدەست داعش هەڵهاتن
عەقید نەجات پێندرۆیی ئامر لیوای هێزی پاراستنی کونسوڵخانەکان، کە ئێستا لەبەرەی شەڕدایە لە ناوچەی تەلەعفەر، لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "دوای ماوەیەکی زۆر هەوڵدان لەگەڵ چەند عەشیرەتێک لە ناوچەی تەلەعفەر، توانیمان 17 هاونیشتمانی کوردی ئێزدی لەدەست چەکدارانی داعش رزگاربکەین و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاژێر 5 گەیشتنە سنوورەکانی هێزی پێشمەرگە".
عەقید نەجات پێندرۆیی لەبەر هۆکاری ئەمنی ناوی ئەو ناوچانەی ئاشکرانەکرد کە لێیەوە دەربازبوون و گوتی "ئەو هاونیشتمانیانە کە لە ژن و پیاو و منداڵ پێکهاتوون، لە ناوچەی تەلەعفەر خۆیان گەیاندووەتە هێزی پێشمەرگە و هەوڵەکانی ئێمەش بەردەوام دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی هاونیشتمانیانی کوردی ئێزدی، کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون".
لەدوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر ناوچەکانی شنگال و زوممار، خەڵکێکی زۆر لەوناوچانە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و هێشتا ژمارەیەکی زۆری کوردی ئێزدی لەدەست چەکدارانی داعش ماون.
رووداو
