پەرلەمان هەوڵ دەدات، شنگال بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.. کار بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانتان دەکەین
(جەعفەر ئێمینکی) لە سەر مەزاری شێخ شەرەفەددینەوە هەروەها گوتی، "پەرلەمانی کوردستان وەک چۆن لە یەکەم رۆژەوە هاوسۆز و پشتیوان بووە، ئێستایش هاتنی ئەم شاندە دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەیە تا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی سەربازی و ئیداری و خزمەتگوزاریی دەڤەرەکە بکەین و، هەر لیژنە و بەپێی پسپۆڕێتیی خۆی بەدواداچوون بکات و هەوڵ بدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم، وەک هەمشە کار بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانتان بکەین."
لای خۆشیەوە خزمەتکاری پەرستگاکە بە ناوی خەڵکی ناوچەکە سوپاسی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کرد کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری و پشتیوانیی ئێزدییەکانیان کردووە و لێیشی بەردەوامن. هەڵبەت داوای کرد کار بکرێ شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە وەک ئەو گوتی، هەرێمی کوردستان خودانی راستەقینە و خەمخۆری ئێزدییەکانی شنگالە.
خزمەتکاری پەرستگای شێخ شەرەفەددین هاوکات داوای لە پەرلەمان کرد، کار بکەن تاوەکو شنگال بکرێتە پارێزگایەکی سەر بە هەرێمی کوردستان و جەختیشی کردەوە کە، رزگارکردنی ئەو دەڤەرە مایەی سوپاس و پێزانینی هەموو خەڵکی دەڤەرەکەیە و کاری بەردەوام بۆ سووککردنی ئازارەکانی ئەو ناوچەیە پێویستە، بۆ ئەوەی خەڵکی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بە یەکجاری لە مەترسییەکان دوور کەونەوە.
هەر لەسەر مەزاری شێخ شەرەفەددین ئەوە دووپات کرایەوە کە، هەموو هەوڵێکی دەستووریی و یاسایی دەدرێ بۆ ئەوەی بە ئیرادەی خەڵکی ئەو ناوچەیە، بگەڕێنەوە سەر هەرێم و ئەوەش خرایە روو کە، لەپێناو پاراستنی ئایینەکان و ئایینزاکان، پرۆژەیاسایەک دەخرێتە بەردەم سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پاراستنی ئایینی ئێزدی و هەموو ئەو ئایینانەی لە کوردستان بوونیان هەیە، تاوەکو هەرگیز دووچاری هیچ جۆرە ستەمێک نەبنەوە و مافەکانیان پارێزراو بن.
ئەم گوتووێژەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (د. جەئفەر ئیبراهیم ئێمینکی) و شاندێکی باڵای پەرلەمان کە ایوەرییان دەکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦/٢/٢٠١٥، لە مەزاری شێخ شەرەفەددین بوو لە چیای شنگال و لەوێ لە لایەن و خزمەتکاری پەرستگای شێخ شەرەفەددین و، ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی شنگال و پێشمەرگە قارەمانەکانەوە پێشوازی کران.
