ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕەت کرایەوە.. زۆربەی ئەو عەرەبانەی لە زوممار ڕایانکردووە دەسکیسی داعش بوونە
د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "ئەو ناوچانە هێشتا شەڕی لێیە و، دانیشتووانەکەیشی خۆیان لەبەر شەڕ نایانەوێ و نایشوێرن بگەڕێنەوە؛ ئاخر داعش چەند جارێک داگیری کردووە و، پێشمەرگە لێیانی سەندووەتەوە. دەربارەی گەڕانەوەی عارەبان لە بازگەکانی بن دەستی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیشەوە، هیچ وا نییە؛ دیارە سەدا حەفتای ئەو دووملیون ئاوارەیەی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، عەرەبن؛ ئێستا ڕیژەی ٪١٩ـی دانیشتووانی هەولێر عەربن و، ئەوانەیشیان وا کار و پیشەیان لە هەرێمی کوردستاندایە، زۆر بە ئاسانی دێنە ناو هەرێمەوە."
سەبارەت بەوەی کە گوایە حکوومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند بە گوێرەی پێویست خەڵکی گوندە گەمارۆدراوەکانیان باروبوو نەکردووە، سەرۆکی لیژنەی 'بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان'ـەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەهای ڕوون کردەوە: "حکوومەتی هەرێم سەرەڕای قەیرانە داراییەکەی خۆی، چەندی پێ کرابێ، ئاوارەکانی یارمەتی داوە؛ حکومەتی هەرێم بە فەرمی حکوومەتی فیدراڵ و لایەنە نێودەوڵەتییەکانیشی ئاگادار کردووەتەوە بۆ بەهانەوەچوونی ئاوارەکان و، باروبووکردنیان."
دەربارەی ئەوەی گوایە کوردەکان دەستیان بەسەر ماڵی عەرەبەکانی زومماردا گرتووە، دیندار زێباری وەهای ڕوون کردنەوە: "خەڵکی ناوچە ڕزگارکراوەکانی سنووری زوممار، بە کورد و عەرەبەوە، هیچ کامێکیان نەگەڕاونەتەوە، چونکە هێشتا ناوچەکە شەڕی لێیە و لەبەر مین و تەقەمەنی، هاتوچۆ ئەستەمە؛ زۆربەری ئەو عەرەبانەیشی ناوچەکەیان جێ هێشتووە، لە ڕیزی داعشاندانە و، بە تیرۆر و تۆقاندنەوە گلاون و، شەڕی پێشمەرگە دەکەن.
د. زێباری ئەوەیشی ڕوون کردەوە کەس نەهاتووەتە دادگاکانی هەرێمی کوردستان، لەسەر دەستگیرکردنی ئەو ٧٠ پیاوە عەرەبە سوننەی سنووری شارۆچکەی مەخموور، شکاتی لایەنە ئەمنییەکان بکات؛ هەر کەسێکیش سکاڵای هەیە بۆ خۆی دەتوانێت، سکاڵاکەی بداتە دادگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەوەیشی پەیوەندیی بە داعشەوە هەبووبێت و، بە بەڵگەوە دەستگیر کرابێت، بە پێی یاسای دژەتیرۆر دادگایی دەکرێت."
ڕێکخراوە نێودەوڵەتانەکەی (چاودێریی مافی مرۆڤ) باس خاپوورکردنی ماڵە عەرەبەکانی زوممار و مەخمووری کردووە، کەچی وەکچۆن کوردستانیش ڕوونی کردووەتەوە، "زیاتر لەوەی ماڵە عەرەب کاول بووبێت، داعش ماڵە کوردەکانی بۆمبڕێز کردووە و، تەقاندوونیەتەوە."
سەبارەت بەوەی گوایە پیشمەرگە ناوچەکانی (قەرەقوش ــ تەلئوسقوف)ـی تاڵان کردووە، هیچ وا نییە و، با هەموو لایەکیش بیزانن کە قەرەقوش هیشتا بە دەست داعشانەوەیە؛ 'تەلئوسقوف'ـیش لەوەتی ئازاد کراوە، حزبی (بێیتنەهرەین) و حزبی (کۆمەڵەی نیشتمانی)، کە هەردووکیان مەسیحینە، بارەگایان لەوێ داناوە. شایهنی باسه ماوەی شهش مانگه داعشی مڵك و ماڵی خەڵکی شارۆچكهكانی قهرهقوش و كرملیس و بهرتله و بهعشیقه و بەعزانی و، کوێکوێ تاڵان دەکات و، بە فەتوایەک سەروەت و سامانی خەڵکی حەڵاڵ کردووە. بەڵام بەپێی ڕینوێنییە فەرمییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەر پێشمەرگەیەک دیل بچەوسێنێتەوە یان تەنانەت سووکایەتی بە تەرمی کوژراوان بکات، سزا دەدرێت."
ڕاپۆرتەکە لە جێیەکیشدا باسی ئەوەی کردووە گوایە ئاسایش، عەرەبە دەستگیرکراوەکانی ئەشکەنجە داوە! دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی 'بەدواداچون و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان' وەهای وەڵام داونەتەوە: "لە ئاسایشدا کەس ئەشکەنجە نادرێت و، سەرجەم ئەوانەی دەستگیر کراون دەدرێنە دادگا و، دادگا چارەنووسیان دیاری دەکات؛ دیارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتانەکەی (چاودێریی مافی مرۆڤ) و، ڕێکخراوەکانی دیکەیش خۆش کردووە، هەتا بێن بە چاوی خۆیان بارودۆخی زیندانیان ببینن؛ خۆ چەندین جاریش سەردانی ئەو بنکانەی وەزارەتی ناخۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە کە تۆمەتبارانی لێ ڕادەگیرێ."
سهبارهت به ئامارى ئهو گیراوانه كه داوا كراوه و، ئهو ڕێكاره یاسایی و ئیدارییانەی حكوومهتى ههرێم دەرگەق به گیراوهكان دەیگرێتە بەر، سەرۆکی لیژنەکە لە ڕونکردنەوەکەیدا دەڵێ: "بهپێی ئهو زانیارییانهى له دهزگاى دژهتیرۆر له ههولێرەوە پێمان گهیشتووە، له مانگی 6ـى 2014هوه ٣٢٢ كهس دهستگیر كراون به تۆمهتى پهیوهندی به داعشهوه، لهو ٣٢٢ تۆمەتبارە، ٨٣ کەسیان ئازاد كراون و، ٢٣٩ـیان ماونهتهوه و، وا خەریکن لێیان دەکۆڵنەوە؛ بەو حاڵەیشەوە کەسوکاریان دەتوانن بێن بیانبینن و، بۆ خۆیان پارێزەریشیان بۆ بگرن؛ ئەوەندە نەبێ کەسوکاری هەندێک لەو گیراوانە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعشدانە، ناتوانن بێنە سەردانیان."
دەربارەی ئەو دیمەنانەیش گوایە هێزە کوردەکان ئەشکەنجەی زیندانیان دەدەن، لێ دکۆڵینەوە و، بەسەر هەر کەسێکدا ساغ ببێتەوە، بە گوێرەی یاسا سزای دەدەین؛ ئەگەرچی مەگەر چۆناوچۆن بێ، ئەگینا هەمووی دەستکرد و پڕوپاگەندەی داعشە تیرۆریستەکانە بۆ زڕاندنی ناوی کورد.
بۆ باربووکردنی ئاوارەکان و، دابینکردنی حەوجەیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان شێلگیرانە هەوڵی داوە و، دەیشیدا؛ ئەوەتا (دهزگاى خێرخوازیی بارزانی) هەر لە سەرەتاوە چووەە هانای ئاوارەکانەوە و، هەر ئا ئەم تازەییە، ٣٢ باری (بارهەڵگر) پیتاکی ناردووە بۆ چیاى شهنگال و، پڕی ٢٤ باری کۆمەکی ناردووە بۆ شارۆچكهى وانكێ و، پڕی ١١ باری کۆمەکیشی ناردووە بۆ عەرەبەکانی ناوچەی ڕهبیعه."
لە ئاخر ڕوونکردنەوەکەدا، ئاماژە بە نووسراوێکی پارێزگای دهۆک کراوە؛ "بە گوێرەی ئهو زانیارییانهى له ژوورى عهمهلیاتی هاوكارییه مرۆییهكانەوە گەیشتووەتە لیژنهكهمان، ئەو لایهنه ئهمنیانەی نهتهوه یهكگرتووهكان کە له هەرێمی کوردستاندانە، بۆ خۆیان نەیانهێشتووە ڕێکخراوه مرۆییە نێودەوڵەتییەکان کۆمەک و هاریکاری بنێرینە زۆربهى ئهو ناوچانهى ئازادکراوانەی پارێزگاى مووسڵ."
