ئێمینکی: پەرلەمان گشت بەرەکانی جەنگی بەسەر کردووەتەوە
ئەمڕۆ لە بەردەوامی سەردانەکەیان بۆ دەڤەری ڕۆژئاوای دیجلە شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی د. جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی سەرۆک و ژمارەیەک لەئەندامانی لیژنەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تەندروستی و، کاروباری ناوچەکانی دەرەوە و داکۆکی لە مافی ژنان و ئافرەتان و مافی مرۆڤ و، کۆمەڵگەی مەدەنی و دارایی و، ئابووری و چەند ئەندامێکی پەرلەمانی سەرجەم فراکسیۆنەکان لە دەروازەی شارەدێی زوممار لە لایەن شارەدێوانی ئەوێ و ئاسایش و پۆلیس و ئەنجومەنی شارەدێ و بەڕێوەبەری یەکە ئیدارییەکانی شارەدێی زوممار بە گەرمی پێشوازی کران.
دواتر لە کۆبونەوەیەکدا د. جەعفر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و، ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانەوە، ئەوەی خستە ڕوو کە "هاتووین لە نزیکەوە ڕەوشی زومار و، دانیشتووانی ببینین، بە تایبەت دوای ڕزگارکردنی لە دەستی داعش و، بە دوای کێشە و داواکانتاندا بچین. لیژنەکانی پەرلەمان ئەمە یەکەمین سەردانیان نییە و، هەموو بەرەکانی جەنگی داعشیان بەسەر کردووەتەوە و، بە دوای کەیسی جینۆسایدی ئێزدیان و، قەبارەی ئەو کارەساتە و، ئاوارەیی هاووڵاتیان و لێقەوماواندا چوونە؛ ئەگەرچی ئەو ناوچەیە لە ڕووی ئیدایەوە سەر بەهەرێمی کوردستان نەبووە و، پەیوەست بووە بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ـەوە، بەڵام خاکی کوردستانە و، ئامادەین بە هەموو شێوەیەک کار بکەین تاوەکو کێشە و گرفتەکانتان کەم بکەینەوە و، ڕێگەچارەی گونجاویان بۆ دابنێین.
شارەدێوانی زوممار بە ناوی خەڵکی زوممارەوە دەستخۆشانەیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە لە دەستی داعش ڕزگاریان کردن؛ ئینجا پوختەیەکی دەربارەی ئەو کارەساتە مرۆییە خستە ڕوو کە لەبەر داگیرکرانی شارەدێیەکەیان، خەڵکی ڕوویان لە دهۆک کرد و، لەوێ نیشتەجێ کران؛ ئێستاش ئەگەرچی زۆربەیان گەڕاونەتەوە بەڵام داعش شارەکەیان کاول کردووە؛ ئەو شارەدێیە سەر بە بەغدا بوو لە ڕووی ئیدارییەوە، بەڵام وەک پێویست هیچی بۆ نەکراوە و، لەچەند خاڵێکدا داوای کرد پەرلەمانی کوردستان کارێکی وا بکات حکوومەتی هەرێم هاوکاریی خەڵکی زوممار بکا.
پاشان یەکەیەکەی بەرپرسانی پۆلیس و ئاسایش و ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوارییەکانی تر ئەو پێداویستیە هەنووکەییانەیان خستە ڕوو کە بۆ بوژاندنەوەی شارەدێیەکە پێویستە و، شاندەکەیش بە بایەخەوە لێیان وەرگرتن و، بەڵێنیان پێیان دا شوێنی بگرن و، وەڵامیشیان بدەنەوە.
لە کۆتاییدا نیشان (ئارم)ـی پەرلەمانی کوردستان وەک دیارییەک پێشکەش بە شارەدێوانی زوممار و، بەڕێوەبەری یەکە ئیداریەکانی شارەدێیەکە کرا.
