نێچیرڤان بارزانی: بەرامبەر یەکگرتوویی گەلی کورد سەر دادەنوێنم

	 نێچیرڤان بارزانی: بەرامبەر یەکگرتوویی گەلی کورد سەر دادەنوێنم
لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ کوردستان ڕیڤیو، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "لەبەرامبەر بەرگریی و یەکگرتوویی و گیانفیدایی گەلی کورددا سەر دادەنوێنم." دەیشڵێت، "هیچ شتێک هێندەی پەروەردە بە جەوهەریتر نازانم لەپێناو ئابووریدا."



لە هەڤپەیڤینەكەدا، (نێچیرڤان بارزانی) باسی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: "لەناو هەموو وەبەرهێنان و لەناو هەموو ئەولەویاتەکانی ئێمەدا، من هیچ شتێک هێندەی پەروەردە بە جەوهەریتر نازانم لەپێناو ئابووریدا. بەردەستبوونی کار و گەشەی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووریی ئێمە، تەنها هاوکاریی ئەوەمان دەکات گەنجانی ئێمە لە ژن و پیاو بتوانن ئەو ئامرازانە بە دەست بهێنن کە پێویستیان پێیەتی. لە دواخاڵیشدا توانا و لێهاتوویی هاونیشتیمانیانی ئێمە دەبنە زامنی خۆشگوزەرانیی ئەم هەرێمەی ئێمە".

پ: ئەدای ئابووریی کورد لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی ئێوەدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟

(نێچیرڤان بارزانی): حکوومەت و گەلی کوردستان گەشەیەکی چاوەڕواننەکراوی ئابوورییان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دروست کردووە، هەروەها سەقامگیری لە توانای دەستکەوتەکانی ئێمەدا لە ساڵی 2014ـدا زۆر بە تووندی تاقی کرایەوە. لە هەندێک بواردا پێشکەوتن و دەستکەوت زۆر بە روونی دیارن، من وەک سەرۆکوەزیران لەبەرامبەر بەرگری و یەکگرتوویی و گیانفیدایی گەلی کورددا سەر دادەنوێنم.
پێیشم خۆشە ئاماژە بە رۆڵی کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانیش بکەم، کە متمانەیان بە سەرکەوتنەکانی کوردستان کردووە و بەردەوامن لە خزمەتکردن بە دۆخی ئابووریی ئێمە، لە کاتێکدا ململانێکان بەردەوامن. پێموایە داهاتووی ئێمە روونە، ئەمەش پەیوەندی بە کەسایەتی و بەشداریی رۆژانەی هاونیشتمانیانی کوردستانەوە هەیە.
رێڕەوی ئابووریی ئێمە بە تەندروستی دەمێنێتەوە. گومانی تێدا نییە هەڕەشە ئەمنییەکان لەلایەن داعشەوە، سیاسەتی کارەساتباری ئیدارەی پێشووی حکوومەتی عێراق و قەیرانە مرۆییەکان کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، هانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان دا، سەرنجەکانی خۆی بە لایەکی دیکەدا بگۆڕێت و هەوڵی دامەزراندنی هەندێک پرۆژەی نوێی درێژخایەن و بیرکردنەوە لە ئامانجی دیکە بدات، کە بێگومان ئەمەیان کاریگەری لەسەر گەشەی ئابووریی ئێمە هەبووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە دۆخێکی کاتییە و هەر لە ئێستایشەوە ئاماژەی باشتربوونمان بەدی کردووە. من دڵنیام بازاڕەکانی کوردستان چالاکیی خۆیان وەبەردێتەوە و کوردستانیش وەک یەکێک لە بازاڕە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەمێنێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش لەوانەیە کاردانەوەی جیهان بەرامبەر هەڕەشەکانی داعش درەنگ بووبێت، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە جیهان بە تووندی ئایدیۆلۆژیای رق و تووندوتیژی و وێرانکەری رەت کردووەتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان خواستی هەیە و توانای ئەوەشی هەیە لە بەرامبەر تیرۆریستاندا بووەستێت و پاشەکشەیان پێ بکات. لەگەڵ ئامانجی هاوبەش بۆ سەقامگیری و ئاسایش، حکوومەت و گەلی ئێمە باوەڕی بە باشتربوون و بەردەوامبوون لە گەشەی ئابووری هەیە.

پ: بۆچی دەبێت وەبەرهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا هەرێمی کوردستان وەک مەبەستێکی بازرگانی هەڵبژێرن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەردی بناغەی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیاکردنەوەی ئازادیی ئابووریی تاکەکەس بووە، لەگەڵ بازاڕی ئازاد کە تێیدا وەبەرهێنەران و پسپۆڕان کاری تێدا بکەن و توانا ئابوورییەکان تێیدا وەگەڕ بخرێن، ئەمە بۆ بازرگانە ناوخۆییەکان و کۆمپانیا بیانییەکانیش هەر راستە.
پێش سەرهەڵدانی ململانێ ئەمنییەکان کە بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە دروست بووە، وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر دراماتیکی لە زیادبووندا بوو، ساڵ دوای ساڵ زیادی دەکرد، داهاتی ناوخۆش بەشێوەیەکی تەندروست لە زیادکردندا بوو. بێگومان ململانێکان کاریگەرییان لەسەر گەشەی ئابووری هەبووە، جگە لەوەش مامەڵەی ئیدارەی پێشووی بەغدا کاریگەری هەبووە، بەڵام من خۆشحاڵم بەوەی وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان و کۆمپانیاکان نەک تەنها بەردەوام بوون لە کارکردن لە کوردستان، بەڵکو لەوەش تێگەیشتن کە ئەم دۆخە تێدەپەڕێت و جارێکی دیکە بازرگانی لێرە چالاک دەبێتەوە.

پ: لەکام سێکتەردا زیاتر دەتانەوێت شوێنی کورستان ببینن و جەختی لەسەر دەکەنەوە بۆ ئەوەی گەشەکردنێکی ئابووری روو بدات و، هەلی کاری زیاتر لە 2015 دابین بکرێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): سەرەڕای پاشەکشێکان لەو بوارەدا کە هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی بووەتەوە لە ساڵی 2014ـدا، بەڵام ستراتیژی درێژخایەنی ئێمە وەک خۆی چالاک و بەردەام دەبێت. راستە ئێمە بەهۆی ئەو دۆخە نائاساییەی لێرە هاتە ئاراوە، دەبووایە هەندێک لە پرۆژە و کاری وەبەرهێنان رابگرین، بەڵام پلانی ئێمە بۆ گەشەکردن لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.
ئەوە روونە کە نەوت و گاز جووڵێنەری ئابووریی ئێمە و ئابووریی عێراقە، من ستایشی هەوڵەکانی وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی ئێمە و قوتابییە گەنجەکان بۆ ئەوەی داهاتوویەک لەم بوارەدا بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.
وەک وڵاتانی دیکەی دەوڵەمەند بە نەوت، هەرێمی کوردستان پێویستە بایەخ بە فرەڕەهەندی لە ئابووریدا بدات و گەشە بە سێکتەرە جیاوازەکان بدات. وەکو، کشتوکاڵ، پیشەسازی و سەرچاوەکانی ئاو دەتوانن هەلێکی باش بڕەخسێنن، بەڵام دەبێت بەسەر ململانێکانیشدا زاڵبین. تەکنەلۆژیایش لەم خاڵەدا فاکتەرێکی گەورەیە و هیوادارم کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکان ئاوڕ لەم بوارەش بدەنەوە.
کاتێک کوردستان پێگەی خۆی لەسەر نەخشە دەدۆزێتەوە وەک میحوەرێکی وزەی جیهانی، شارە گرینگەکانی وەک هەولێر سلێمانی و دهۆک دەتوانن هەلی زیاتری ئابووری بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. هەروەها گەشتیارییش پێویستی بە وەبەرهێنانێکی حەکیمانەیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان کات و وزەی پێویستی بۆ دڵنیاکردنەوە لە دروستبوونی کەشێکی دڵنیا و دادپەروەرانەی کارکردن تەرخان کردووە، بە تایبەت لە بواری کەرتی تایبەتدا.
ئێمە کار بۆ باشترکردنی سیستەمی پەروەردەییمان دەکەین، بۆ ئەوەی لاوەکانمان لە رووی شارەزاییەوە ببن بە هیزێکی کاری چالاک. لەناو هەموو وەبەرهێنان و لەناو هەموو ئەولەویاتەکانی ئێمەدا، من هیچ شتێک هێندەی پەروەردە بە جەوهەریتر نازانم لەپێناو ئابووریدا. بەردەستبوونی کار و گەشەی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووریی ئێمە تەنها هاوکاری ئەوەمان دەکات، گەنجانی ئێمە لە ژن و پیاو بتوانن ئەو ئامرازانە بە دەست بهێنن کە پێویستیان پێیەتی. لە دواخاڵیشدا توانا و لێهاتوویی هاونیشتمانیانی ئێمە دەبنە زامنی خۆشگوزەرانیی ئەم هەرێمەی ئێمە.
Top