ئەمریکا كاروانێكی دیكەی چەك رەوانەی عێراق دەكات

 ئەمریکا كاروانێكی دیكەی چەك رەوانەی عێراق دەكات
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، 20 هەزار چەکی کلاشینکۆفی ئەمریکی، هەروەها دووربین و کەلوپەلی سەربازی بە بڕی زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار گەیشتووەتە عێراق، دەشڵێت، لەسەرەتای ئەمساڵەوە چەندان پێداویستی دیکەی سەربازی رەوانەی عێراق کراون.

کۆلۆنێل ستیف وارن، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئەمڕۆ چوارشەممە 25-2-2015 رایگەیاند:" 20 هەزار چەکی کلاشینکۆفی ئەمریکی جۆری M16 و 10 هەزار دووربینی سەربازی پێشکەوتوو، لەگەڵ 100 هەزار یەدەگ و کەلوپەلی سەربازی دیکە لەم هەفتەیە گەیشتووەتە عێراق، سەرەڕای ئەوەی پێشووتر، بەبڕی 17.9 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی سەربازی رەوانەی عێراق کراوە".

گوتەبێژەکەی پنتاگۆن دەربارەی پێدانی چەک بە سوپای عێراق گوتی:" عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا، هەزاران کڵاوی خودەی سەربازی و 250 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی تەقاندنەوەی مینی بەدەستگەیشتووە".

کۆلۆنێل ئاماژەی بەوەش دا، لە 15 مانگی شوباتی ئەمساڵدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 232 مووشەکی جۆری هێل فایەری داوەتە هێزەکانی عێراق.








رووداو
Top