گرفتی بەردەم بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدییە.. عێراق ئامادە نییە لە دادگای نێودەوڵەتی ببێتە ئەندام

	 گرفتی بەردەم بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدییە.. عێراق ئامادە نییە لە دادگای نێودەوڵەتی ببێتە ئەندام
"ئەگەر هەنگاوەکانی بەجینۆسایدناساندنی کوردانی ئێزدی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەری نەگرت بەهۆی ئەوەی کە عێراق ئەندامی دادگای نێودەوڵەتی نییە و خۆی لەو بەرپرسیارەتییە دەدزێتەوە و نایشیەوێ ببێتە ئەندام، ئەوا پەنابردن بۆ ئەنجوومەنی ئاساییشی جیهانی باشترین بریتە بۆ ئەوەی ئەم کەیسە سەربگرێت،" وەزیری شەهیدانی حکوومەتی هەرێم وایگوت.

وەزیری كاروباری شەهید و ئەنفالكراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆكی لیژنەی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەكانی دژ بە مەسیحی و كوردانی ئێزدیە، (مەحموود حاجی ساڵح) ئاشکرای کرد، تا ئێستا عێراق ئامادە نییە لە دادگای نێودەوڵەتی ببێتە ئەندام، بەم شێوەیەش رێكاری یاسایی لەبەرانبەر بەجینۆسایدناساندنی ئەم تاوانانە(بەجینوسایدناساندنی کوردانی ئێزدی) بەڕێگایەكی سەختدا تێدەپەڕێت.
وەزیری كاروباری شەهید وئەنفالكراوان بە ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "مەرجی هەرە سەرەكی دادگاییكردنی ڕێكخراوی تێرۆریستی داعش و بەجینۆسایدناساندنی تاوانی دژ بە كوردی ئێزیدی و پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكانی دیكە، بەئەندامبوونی عێراقە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا، بەڵام لەمیانەی گفتوگۆی لیژنەكەیان لەگەڵ سێ باڵیۆزی عێراق لە چەندین دەوڵەتی ئەورووپاییدا، وا روون بووە كە عێراق ئامادە نییە ببێتە ئەندام لە دادگای نێودەوڵەتی".
"هەڵبەت ئەم هەڵوێستەی عێراق رێگرە لەبەردەم دروستبوونی دادگایەكی لەم جۆرە لە عێراق و لە هەرێمی كوردستان و لە یاسای عێراقیدا هیچ بڕگەیەك نییە باس لە كۆمەڵكوژی بكات، بۆیە تاكە چارە لەم حاڵەتەدا ئەوەیە "عێراق ڕازی بكرێت كە تەنها بۆ ئەم كەیسە ڕەزامەندی بداتە دادگا بۆ ئەوەی لێی بكۆڵێتەوە، ئەمەش هەوڵێكی زۆری دەوێت لەلایەن نوێنەرانی كورد لە مەركەزی بڕیاردان لە حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ دەركردنی بڕیارێكی لەو جۆرە بەمەرجێك عێراق كەیسی دیكەی لەگەڵدا تێكەڵ نەكات" وەزیری شەهیدان، وایگوت.
دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر مووسڵ و چەندین ناوچەی دەورووبەری كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردی ئێزدی و پێكهاتە ئایینەكانی دیكەن، چەندین تاوانی کوشتاری لە دژیان ئەنجام دا. هەربۆیەش، حكوومەتی هەرێم بەپێی فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لە 17ـی ئاب 2014ـدا لیژنەیەكی بۆ ئەم پرسە پێك‌هێنا و هەر زوو لیژنەكە دەستی كرد بە كۆكردنەوەی ژمارەیەكی زۆری بەڵگەنامە و كورتەفیلم و وەزارەتی كاروباری شەهید و ئەنفالكراوانیش ناوەندێكی تایبەت بە لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگه ‌و تاوانی لە دهۆك دامەزراند، كە تا ئێستا زیاتر لە 300 دوسێی ئامادە كردووە و لێكۆڵینەوە لێیان بەردەوامە و 65 دۆسێیان بۆ دادگا ئامادەیە.

وەزیر یشەهیدان نایشارێتەوە کە، بەئەندامبوونی عێراق لەو دادگایەدا بەرپرسیارەتیی قورس دەخرێتە ئەستۆی كە رەنگە نەتوانێ جێبەجێی بكات، بۆیە بەهەر بیانویێك بێت خۆی ئەو پرسەی پشتگوێ خستووە. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر ئەم رێكارە یاساییە و رێكارە پێشنیازكراوەكانی دیكە سەرنەكەوت ئەوا پێویستە "لە ڕێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە بڕیارێكی تایبەت دەربكرێت بۆ دەستبەكاربونی دادگا لە كەیسی ناوبراو، یاخود بۆ دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بەو كەیسە بەهەمان شێوەی دادگای تاوانەكانی یۆگۆسلاڤیا و دادگای تاوانەكانی ڕواندا".
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو لیژنەیەی خۆی سەرۆكایەتی دەكات پێشنیازی كردووە شاندێک "بنێرێتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و وەزارەتی دەرەوە و دادی بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی بۆ سپاردنی ئەم كەیسە بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بهێنرێنە سەر ئەو بڕوایەی بڕیارێكی تایبەت بە مەبەستی سپاردنی كەیسەكە بە دادگای تاوان دەربكات".
(مەحموود حاجی ساڵح)، ئاماژەی بە مەترسیی كاری یەك لایەنەی لەبارەی ئەم كەیسانەوە كرد و راشیگەیاند کە، حكوومەتی هەرێم هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لەو هەوڵانەی كە هەندێك كەس و لایەن دەیدەن بۆ ناساندنی كوردی ئێزدی وەكو گەلێكی جیاواز لە كورد و، خۆجیاكردنەوە لە گەلی كوردستان. بەپێویستیشی زانی پرسی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر بە تەواوی بۆ باسكردنی ئەم پرسە سوودی لێوەربگیرێت.

بۆ باسكردنی ئەو پرسە وخستنەڕووی ئەو تاوانانەی لە دژی كوردی ئێزدی و مەسیحی ئەو ناوچانەی كە بە دەستی داعشەوە بوون، رۆژانی 8 و 9ـی شوباتی رابردوو لە هۆڵی مامۆستا سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر، كۆنفڕانسێك بە بەشداریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و شارەزایان لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و كۆمەڵكوژی و چەندین كەسایەتیی ئایینی ئیسلام و مەسیحی و ئێزدی بەڕێوە چوو، تیایدا لە چەندین دانیشتنی جیاوازدا باس لەو رێوشوێن و چارە یاساییانە كرا كە پێویستە بۆ بەجیهانیناساندنی ئەم تاوانانە بگیرێنە بەر، ئەمە جگە لە وەرگرتنی شایەدی ژمارەیەک لە رزگاربووان لە دەستی تیرۆریستان لەبارەی ئەو تاوانانەی لە دژی ئەواندا كراون.

سەرۆكی رێكخراوی پاراستنی ئایینەكانی عێراق (نیهاد قازی) بۆ ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەترسی خۆی لە ئایندەی ئایینەكانی عیراق و ناوچەكە نیشان دا و دووپاتی كردەوە لە دوای هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق و بەكۆمەڵكوشتنی ژمارەیەكی زۆر لە ئێزدی و مەسیحی و تەنانەت موسوڵمانیش بە جیاوازیی ئایین و مەزهەبەكانیانەوە، ناوچەكەی خستە ژێر مەترسییەكی زۆر گەورە كە دەرچوون لێی كارێكی ئاسان نییە و بە تاكە كەس و لایەن ناكرێت.
ئاماژەی بەوەشدا "پێویستە حكوومەتی عێراق درك بەو مەترسییە بكات كە زۆر دەمێكە هۆشداری لەبارەوە دراوە و ئەو وێنە سلبیەی لەبارەی رەوشی مەترسیداری ئایینەكان تیایدا نەمێنێت و هەنگاوی جیددیتر بۆ دەرچوون لەو گرفتانەوە بنێت".
(قازی) ئەوەشی خستەڕوو، "لەمیانەی ئەو كۆنفڕانسەی لەهەولێردا بەڕێوە چوو، هەموو لایەك لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی كەیسەكانی كۆمەڵكوژیی كوردی ئێزدی و مەسیحی بكرێت و چیتریش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست ئەو تاوانانە بێ دەنگ نەبێت، بەڵام ئەوەش بەبێ هەوڵی جیددی حكوومەتی عێراق كارێكی ئاسان نییە".
Top