هێزەکانی پێشمەرگەو پەیەدە لەهەردوو میحوەری خانەسۆر و تربێک گورزێکی گەورەیان لە داعش وەشاند..چەندین گوند ئازاد کران
(فەریق جەمال) سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند کە، دوێنی٢٢-٢-٢٠١٥ لەسەر راسپاردەی (سەرۆک بارزانی) هێزی پێشمەرگەی کوردستان پاڵپشتی شەڕڤانانی پەیەدەیان کرد و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە ناوچەی خانەسۆر گورزێکی گورچکبڕیان لە تیرۆریستانی داعش وەشاند و چەندین گوندیان لەسنوورەکەدا ئازاد کرد.
سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێ، ناوچەی خانەسۆر دەکەوێتە کۆتایی چیای شنگال بە ئاراستەی سنووری سوریاو لەوێوە تیرۆریستانی داعش هێرشیان دەکردە سەر هێزی پێشمەرگە و پەیەدە، بەڵام لە ئاکامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی پێشمەرگە توانیان بگەنە سنووری سوریا و ئامانجە راستەقینەکە بپێکن کە وەک چۆن لە پێشدا نەخشەی بۆ دراێژرابوو و داعشیان لەو ناوچەیەدا وەدەرنا، هەڵبەت ئۆپەراسیۆنەکە دوێنێ سەعات ١١ی بەیانی دەستپێکرا و هەردوو میحوەری تربێک و خانەسۆری بۆ سنووری سووریای گرتەوە.
(فەریق جەمال) راشیگەیاند کە، ئۆپەراسیۆنەکە دەمێکە پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام دوێنی جێبەجێکرا و لەسەر راسپاردەی (سەرۆک بارزانی) هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەڕاسیۆنێكی هاوبەش لەگەڵ شەڕڤانان بە تۆپخانەو چەکی قورس بۆردومانی تیرۆریستانیان کرد، هەروەها فڕۆکەجەنگییەکانی هاوپەیمانانیش رۆڵیان لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەبوو.
(فەریق جەمال) ئاماژەیشی کرد، لە میحوەری خانەسۆر ٦ گوند ئازاد کران بەناوەکانی (بیرقاسم، تل مشێرف، بیرجاری، حەساوێک، بی بی، بەنی سەح) گشت ئەمگوندانە دەکەونە سنووری باشووری کوردستانەوە.
دواتر هێزەکانی پێشمەرگەو پەیەدە بەرەو سنووری رۆژئاوای کوردستان ئۆپەراسیۆنەکەیان درێژە پێدا و لەخاکی رۆژئاوای کوردستان دوو گوند ئازاد کران بەناوەکانی (ئومیەو قورتەپە)؛ تیرۆریستانی داعش بەتەواوەتی لەو ئۆپەراسیۆنەدا تێداچوون و پاشەکشەیان کردووە و لەسەردەستی هێزی پێشمەرگەو پەیەدە شکستیان برد، هاوکات تەرمێکی زۆری داعش لەبەرەی جەنگدا کەوتوون.
سوپاسالاری پێشمەرگە دەشڵێت، لە میحوەری تربێک بۆ سنووری ڕۆژئاوا ٣ گوندی دیکە ئازادکران بەناوەکانی (خوزاعە، تەمیمە، فلیمە)، وەک باسیکرد کە ئەو ئۆپەراسیۆنە وایکرد مەترسی داعش لەسەر چیای شنگال نەهێڵدرێت و رێگەی تیرۆریستانی داعشیش بۆ گەیشتن بە شنگال لەو سنوورەدا پچرا.
