٢٥٠ملیار دینارەکەی بەغدا، دوو ڕۆژی دی دەگات؛ حکوومەت خەرجیەکانی کەم کردووەتەوە
ڕێباز محەمەد حەمدان، وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە میانی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەگەڵ ڕاگەیێنەوانانی هەرێمی کوردستاندا وەهای ڕاگەیاند: "ئەو ٢٥٠ملیار دینارەی هەرێم کە بڕیار وایە حکوومەتی عێراق بینێرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، هێشتا نەگەیشتووە و، ڕەنگە دوو ڕۆژێکی دیکەی پێ بچێت تا بگاتە بەرەوە.
وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیشڵێت، لەو بڕە پارەیە، مووچەی ئەو وەزارەتانەی پێ دابین دەکەین کە هێشتا هی مانگی ١٢ـی پاریان وەرنەگرتووە.
هەڵبەت وەزیری دارایی گوتیشی کە، لە داهاتی ناوخۆ و مەرزەکانی هەرێمی کوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن، بەڵام وەک باسیکرد کە داهاتی مەرزەکان کەمی کردووە؛ وەکچۆن نموونەی بە مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٣ هێناوە کە داهاتی مەرزەکان ١٤٠ملیار بووە کەچی لەوەتەی داعش لە مانگی حەفتی پارەوە، هورووژمی هێناوە، بڕی داهاتی مەرزەکان ٩٩ملیار دیناری تێنەپەڕاندووە.
وەزیری داراییی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیشی کرد کە وا بە خەرجییەکاندا دەچنەوە و ٥٠% تا ٣٥% کەمیان کردووەتەوە.
هەروەها گوتیشی: "پێرار حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٨ترلیۆنی خەرج کردووە، بەڵام پار، ١٤ ترلیۆن دیناری خەرج کردووە؛ واتە ٤ترلیۆن دینار کەمتر.
