ئەنجوومەنی ئاسایش نەك توانای چارەسەركردنی كێشەكانیان نییەبەڵكو ناشتوانن ئیحتیوایان بكەن

ئەنجوومەنی ئاسایش نەك توانای چارەسەركردنی كێشەكانیان نییەبەڵكو ناشتوانن ئیحتیوایان بكەن
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان یۆسی مكلبێرگ تۆێژەری باڵا لە ئامۆژگای چاتام هاوسی بەریتانی بۆ گوتى: هەتا ئێستا سیستمی جیهانی هەرەسی نەهێناوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سیستمی جیهانی رووبەڕووی تەحەددییەكی زۆر بۆتەوە، هەستێك هەیە بە گەڕانەوەی شەڕی سارد، دەبینین ئەوەی روودەدات لە ئۆكرانیا و ئەو رۆڵەی رووسیا و سەرۆك ڤلادیمێر پۆتین دەیبینێت. كەواتە بە دڵنیاییەوە لەم قۆناغەی دوای شەڕ سارد، تەواو ئاشكرایە كە تەحەددی بۆ هەژمونی ئەمریكا دروستبووە. بێگومان ئەمریكا رووبەڕووی تەحەددی گەورە بۆتەوە، بەڵام ئایا ئەمە هەرەسهێنانە، یان گۆڕانكارییەكی رادیكاڵییانەیە؟ ئەمە بابەتێكە پەیوەستە بە پێناسەكردنەوەی جۆری ئەو گۆڕانكارییانەی روودەدەن، بەتایبەتی ئەو گۆڕانكارییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و هەڵكشانی بزووتنەوە رادیكاڵەكانی وەك داعش روو دەدەن، ئەوا هیچ گومانێك هەڵناگرێت كە ئەمە تەحەددییەكی مەزنە و لەبەرامبەر ئەم مەترسییە گەورەیەدا رۆژئاوا و ناتۆ چارەسەرێكیان پێ نییە.


یۆسی مكلبێرگ هەروەها گوتی: دوای هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەت لە ساڵی 1989 و 1991. ئەمریكا هەژمونێكی ئاشكرای بەسەر جیهاندا هەبووە، لە هەمان كاتدا رووسیا زۆر پێویستی بە پشتیوانی ئەمریكا بوو بۆ دەربازبوون لە پاشماوەی كۆمۆنیزم، ئێستا ئەمە حاڵەتەكە نییە و گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. لایەنی بەهێزی شەڕی سارد لە ئارادایە، ئەگەرچی ئەمە شەڕی سارد نییە، بەڵام تەحەددی بەهێز بۆ ئەمریكا دروستبووە. هەروەها دەبێت لە نیگەرانییە رەواكانی رووسیا تێبگەین لە ئاست بەرفراوانكردنی ناتۆ و بەرفراوانكردنی یەكێتی ئەوروپا بۆ سەر سنوورەكان و ئاسایشی ئەو وڵاتە، بۆیە ئەمە پرسە لەوە دوورتر دەڕوات و ئەمە هەوڵی رووسیایە بۆ گەڕاندنەوەی ئەندازەیەك لە دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەكەدا، بە دڵنیاییەوە رەوشە ئابوورییەكە - بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و كەمبوونەوەی بەهای رۆبڵ- كاریگەرییان لەسەر توانای رووسیا دەبێت لەوەی نەتوانێت تا سنوورێكی دوور بڕوات.

شايانى باسه مكلبێرگ هەروەها گوتی: حاڵی حازر پاڵپشتی هەیە و لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر هاوكاری دەستەبەر دەكرێت بۆ پێشمەرگە و من گوێم لە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو كە باسی لە هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ دەكرد لە ئایندەیەكی زۆر نزیكدا. پێموایە پێویستی بە پێكەوە كاركردنی ئەو هێزانەیە كە دەیانەوێت بەر بە پێشڕەوی داعش بگرن و ئەوەی دەیبینم و ئەوەی دەیبیستم پشتیوانییەكی روو لە زیادە، هەر كاتێك شەڕ هەبێت دەبێت بیر لە دوای شەڕ بكرێت، چۆن لە دوای شەڕەكەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێت و چ جۆرە خۆبەڕێوبەریەكی (ئۆتۆنۆمی) و رەنگە هەندێ كەس بڵێن سەربەخۆیی قبوڵ دەكرێت، پێموایە لە ئێستادا تەركیزەكە لەسەر پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و ئەو هێزانەیە كە شەڕی داعش دەكەن. كەواتە دەبێت لە ئێستاوە بیر لەوە بكەوەنەوە، دوای گرتنەوەی موسڵ و تیكشكاندنی داعش چی روودەدات. دەزانم كوردەكانی كوردستانی عێراق بە رۆژگارێكی سەختدا تێدەپەڕن و رۆژگارێكی ئاسان بەڕێناكەن، بۆیە لە هەموو روویەكەوە ئومێدی خۆشبەختی بۆ سەرجەم كوردەكان دەخوازم.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1015)
Top