میلیشیاكانی عەسائبی ئەهلی حەق بۆ پشتگیریی ئەسەد لە سووریا بوون دوای كەوتنی موسڵ بۆ عێراق گەڕانەوە
حەیدەر سەعید هەروەها گوتی: عەسائبی ئەهلی حەق پێشتر بەشێك بوون لە سوپای مەهدی و دواتر جیابوونەوە، دیارە مالیكی رۆڵی هەبوو لە بەهێزكردنی ئەم هێزانە و ئێستاش نوێنەریان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، چەند كەناڵێكی ئاسمانی و تەلەفزیۆنیان هەیە، ئەوانە گوێ لە مەرجەعەكانی شیعەی عێراق ناگرن و سەر بە راسپاردەو بۆچوونەكانی ئێرانن، بەتایبەتیش خامنەیی و هەندێ مەرجەعی دیكەی ئێرانی، بۆیە كاتێ شەڕی سووریا روویدا، ئێران بەشدارییەكی تەواوی لەم شەڕەدا كرد و پشتیوانی لە رژێمی سووریا كرد، لێرەش مالیكی بەشداری كرد، یەكەم هێز لەم رووەوە پشتی بە عەسائب بەست كاتێ هێزێكی بۆ بەرگریكردن لە عێراقەوە رەوانەی سووریا كرد كە بە چەند هەزار چەكدار مەزەندە دەكرا، بەڵام دوای كەوتنی موسڵ ئەم هێزە گەڕایەوە عێراق، بۆیە ناكرێ بڵێین كە هەموو ئەو سەركردە شیعانە و میلیشیاكان هەڵوێستیان وەكو یەكە، بۆ نموونە سەرایای سەلام كە سەر بە موقتەدا سەدرە بەر لە چەند رۆژێك چالاكییەكانیان وەستاند.
شايانى باسه سەعید هەروەها گوتی: من پێم باش نییە لە ئێستادا بە دوای چارەسەری سەربازیدا بگەڕێین لە پەیوەندی لەگەڵ رۆڵی بەرگریی ئەم هێزانەدا، بەڵكو پێویستە بە دوای چارەسەری گواستنەوەدا بگەڕێین، هیچ سەركردەیەكی شیعە ناتوانێت هیچ بڕیارێك دەربكات تایبەت بە میلشیاكان بە هۆی شكستی دەزگا ئەمنییە فەرمییەكان، جا لەبەر ئەوەی تا ئێستا نەتوانراوە دەزگایەكی بەتوانای ئەمنی لە عێراق پێكبهێندرێت، بۆیە ئەو میلیشیایانە هەر دەمێنن، بۆ بیرهێنانەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران رایگەیاندبوو كە پێویستمان بە چەند ساڵێك هەیە بۆ بونیادنانەوەی دامەزراوەی سەربازی لە وڵات، بۆیە لە قۆناغی داهاتوودا دەكرێ پەیوەندیی ئەو میلیشیایانە بە دەوڵەتەوە هەڵبەسەنگێندرێت، من پێم باشە ئەو هێزانە ببنە هێزی سێیەم دوای بەرگری و ئەمن، یان وەك حەرەس وەتەنی كە ئێستا مشتومڕی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەگەر ئەو هێزانە رێكبخرێن و بە سیستەم بكرێن، ئەو كاتە هەموو پەیوەندیەكی هەندێ لایەنیان لەگەڵ دەرەوەی عێراق نەمێنێت و ببێتە هێزێكی عێراقی، دەكرێ سوودیان لێ ببیندرێت، هاوكات دەبینین هێزی عەشیرەتەكانیش هەموویان سوننەن، ئەوانیش دەبێ رێكبخرێن، بەڵام دوای نەمانی داعش كە پێویستە شێوازێكی دیكەیان بۆ بدۆزرێتەوە.
لە كۆتایی قسەكانیدا حەیدەر گوتی: لەم چەند رۆژەی دواییدا هەندێ گرفت لە نێو سەركردەكانی شیعە هاتەئاراوە بە هۆی جیاوازیی بۆچوونیان لەسە ر پێكهاتەو شوێنی كاركردنی ئەو هێزانە و پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە، دواتر هەندێ رووداوی دیكە هاتنەپێش لەوانە ئەو پێكدادانەی لە گەڕەكی كەرادەی بەغدا و ئینجا تیرۆركردنی شێخ قاسم ئەلجەنابی و پاسەوانەكانی، لەهەموویان دیارتر رفاندنی ئەندام پەرلەمانی عێراق زەید ئەلجەنابی، ئەمانە هەموویان بوونە مایەی مشتومڕ لە نێوان شیعەكان لەسەر پەیوەندیی نێوان حەشدی شەعبی و دەوڵەت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1015)
