سیستانی فەتوای دا خەڵك خۆبەخشانە بچنە ریزی سوپا نەك میلیشیای حەشدی شەعبی درووستبكرێت

سیستانی فەتوای دا خەڵك خۆبەخشانە بچنە ریزی سوپا نەك میلیشیای حەشدی شەعبی درووستبكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان د.فالح عەبدولجەبار نووسەر و بیرمەندی عێراقی گوتی: رەوشەكە زۆر ئاڵۆزە، بەتایبەتی بە هۆی ئەو حوكمڕانییەی كە عێراق لە ماوەی هەشت ساڵی رابردووی مالیكی پێوەی دەناڵاند كە لە خراپییەوە بۆ خراپتر دەچێت، كە ئەمەش بووە هۆی بەهێزكردنی داعش، مالیكی بە تێڕوانینی تایفەگەری حوكمڕانی وڵاتی دەكرد تا گەیشتە ئەوەی پەیوەندیی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان تێكبدات، هەروەها بووە هۆی جیابوونەوە و كێشەو ململانێ لە نێوان حزبە ئیسلامییە عێراقییەكان و سەركردە سیاسییەكان، لەلایەكی دیكەوە تەحەددای ئەمنی و سیاسی و چاكسازیی ئیداری و سیاسی هاتە پێشەوە، كە لە هەمووی گرنگتر بەرەنگاربوونەوەی داعشە، بەهاتنی عەبادی تاكە هیوا و ئامانجی عێراقییەكان گۆڕانكاری بوو، بەڵام تا ئێستا دەبینین ئەو گۆڕانكارییە سستەو بەپێی پێویست نییە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەتا ئەگەر لە رووی ئەمنیشەوە تا رادەیەك باش بێت، بەڵام لە رووی ئابووری و دارایی و پرسی نەوتەوە هێشتا ناكۆكی و كێشە ماوە و چارەسەر نەكراوە، پەیوەندییەكان لەگەڵ پارێزگا سوننییەكانیش تا ئێستا باش نییە و مەسەلەی یاسای حەرەس وەتەنی جێبەجێ نەكراوە، تاكو خەڵكی ئەو ناوچانە هان بدەن بۆ ئەوەی دژی تیرۆریستانی داعش بەرگری لە خۆیان و ناوچەكانیان بكەن، سوپای عێراق لاوازە و تەبایی و هەماهەنگی لەنێوان سیاسەتمەداران و كاربەدەستانی وڵات بەو رادەیە نییە، بۆیە مەترسی زۆرەو پێویستە هاوكاری و هەماهەنگیكردن لە نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێمی كوردستان پتەوتر بێت بەتایبەتی بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی داعشەوە.

د.فالح هەروەها گوتی: حەشدی شەعبی بە فەتوای بەڕێز سیستانی دامەزرا، فەتواكەی ئەو بریتی بوو لەوەی خەڵك خۆبەخشانە بێتە نێو سوپاوە، نەك بەم شێوەیە بێت، ئەوەی رووی داوە پێچەوانەی فەتواكەی ئەو بوو، ئەو پیاوە دەزانێت جیاوازیی نێوان سوپا و میلیشیا چییە، سوپا هێزێكی نیزامییە و بە یاسا رێكخراوە، بەڵام میلیشیا رەنگە كاری دەستدرێژی و پەلاماردان و دزی و تاڵان و كوشتن ئەنجام بدات، میلیشیا هێزێكی ئاژاوەگێڕە، بەپێچەوانەی سوپاوە، ئەوانە ناتوانرێت كۆنتڕۆڵ بكرێن، یان لە هەر كردەوەیەكی نەخوازراودا تەنانەت لێپێچینەوەشیان لەگەڵدا بكرێت، راستە هەندێك لە حەشدی شەعبی رەنگە بە دڵسۆزییەوە شەڕ بكات و ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام بەداخەوە هەندێكی دیكە وەك عەسائبی ئەهلی حەق و هێزەكانی بەدر ئاژاوەو كاری ناڕەوا بەرپا دەكەن، تەنانەت زۆربەیان هاتوون بە مەرامی تۆڵەسەندنەوە نەك بۆ بەرگری لە عێراق و خەڵك، هەتا ئەو زمانەی لە تۆڕی پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و لە لێدوان و بەیاننامە فەرمییەكان و فەیس بوك بەكاری دێنن، زمانی تایفەگەرییە كە بە هیچ شێوەیەك پەسند نییە، لەبەرامبەریشدا هەندێ لایەنی سوننە ئەوانیش زمانی تایفەگەری بەكاردێنن كە كەس پێی قبوڵ نییە.


شایانی باسە فالح عەبدولجەبار هەروەها گوتی: عەسائبی ئەهلی حەق رێكخراوێكی عێراقییە و بەشێك بوون لە سوپای مەهدی و دواتر جیابوونەوە بە هۆی دەستێوەردانی ئێرانی كە هەندێك سەركردە پڕچەكیان دەكردن و یارمەتییان دەدان، دواتر مالیكی بە پارەو چەك یارمەتی دان، پاشان رەوانەی سووریا كران بۆ شەڕكردن لەپاڵ بەشار ئەسەد، بەڵام لە لوبنان هیچ هێزێكی ئەوانی لێ نییە، ئەوە تێڕوانینی رۆژئاوایە بە درێژبوونەوەی قەڵەمڕەویی ئێران بۆ سووریا و بەحرەین و یەمەن و دواتر لوبنان، بەر لە چەند رۆژێكیش قاسم سولەیمانی بەرپرسی دۆسێی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو كە ئێمە هێزمان هەیە لە عێراق و لوبنان و سووریا و شوێنی دیكە، ئەمەش بەڵگەی درێژبوونەوەی جیۆسیاسیی دەوڵەتی ئێرانە، دیارە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانە لەو وڵاتانەدا، چونكە هەموو وڵاتێك چ عێراق، یان توركیا، یان ئێران هەموویان بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لە ناوچەكەدا هەیە، هاوكات وەك كارتێك بەرامبەر بە رۆژئاوا بەكاری دەهێنن.

لە كۆتایی قسەكانیدا عەبدولجەبار گوتی: با عێراق دابەش بكەین، هەندێ رۆشنبیر و توێژەران دەڵێن ئەو شەڕەی ئێستای جیهان شەڕی نێوان ئایین و شارستانییەتەكانە، بەڵام هەندێكی دیكە دەڵێن: هۆكارەكە بازاڕە و ئەو حوكم دەكات، بۆیە بیروبۆچوون زۆرن، بەڵام ستراتیژییەكانی بەكردەوە ئەوانەن كە حكومەتەكان پەیڕەوی دەكەن، جا تاوەكو بە تەواوی هەڵیانبسەنگێنین، پێویستە لە بەڵگەنامەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتانە بكۆڵینەوە، چ لە ئەوروپا، یان ئەمریكا، یان وڵاتانی دیكە، هەروەها چاودێریی سیاسەتە كردارییەكان بكەین، نەك پشتببەستین بە قسە و راوبۆچوونەكانی ئەو رۆشنبیر و سیاسەتمەدارانە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1015)
Top