لیژنەیەى فڕاکسیۆنی کوردی لە بەغدا پێک دەهێنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق (ئەحمەدی حاجی رەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند:" کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی کورد لەبەغدا ئەنجامی تەندروستی ھەبوو، چونکە لەسەرتای دەستبەکاربوونمان لە خولی ئێستای پەرلەمانی عێراق چەند گرفتێکمان ھەبوو، لەوانە تاوەکو ئێستا فراکسیۆنێکی کوردیمان نییە، بۆیە بڕیاردرا کە لیژنەیەکی ١٠کەسی کار بۆ دروستکردنی فراکسیۆنی ھێزە کوردیەکان لە بەغدا بکات؛ گرفتێکی دیکەمان لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەبوو کە ھیچ ئالیەتێک بۆ پەیوەندیکردن نەبوو بۆ چارەکردنی ئەو گرفتەیش لیژنەیەکی دی پێکدەهێنرێ تا ئالیەتێکی گونجاو بۆ ئەو هەماهەنگییە بدۆزێتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق گوتیشی، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەوردی باسمان لەرێککەوتنی نێوان ھەرێم وبەغدا کرد و راشکاوانە پێمان گوتن ئەگەر ئێوە ھۆکار بۆ جێ بەجێ نەبوونی رێکەوتنەکەن پێمان بڵێن، ئەوانیش باسیان لەوە کرد کە ئێمە بەگشتیی نەوت ھەناردە دەکەین و لەمە ھەندێک کێشە دروستبووە، بۆیە لیژنەیەک دروستکرا کە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات و ئەگەر پێویستیش بکات سەرۆکی حکومەت خۆی سەردانی بەغدا دەکات.
(ئەحمەدی حاجی رەشید) ڕوونیشی کردەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد پابەندە بەرێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا و لەئێستاشدا وەزیری نەوتیش باسی لەوەکردووە ئێمەیش کۆی گشتیی نەوتی ھەناردەکراو ھەژمار دەکەین، بۆیە ئەمە حاڵەتێکی ئەرێنییە بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە سەربگرێت.
(رەشید)راشیگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بەھەر شێوەیەک بێت.
