ئەم حەفتەیە کاروانی چوارەمی پێشمەرگە دەگاتە کۆبانێ؛ هەر ٢٠ گوندێک ماوە ئازادیان بکەن
نەقیب (ڕزگار بەھرام) لە فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "شەڕ لە کۆبانێ بەردەوامە و، بە چڕی مۆڵگەکانی تیرۆرستانی داعش تۆپباران دەکەین و، شەڕڤانانیش بەردەوام دەچنە پێشەوە؛ لەکۆی ٣٧٦ گوندەکەی کۆبانێیش هەر ٢٠ گوندیان ماوە، ئازادی بکەین."
نەقیب (ڕزگار بەھرام) گوتیشی: "ئەو گوندانەی کە ماون ئازاد بکرێن دەکەونە لێواری ڕووباری فورات باقی گوندەگانی دیکە ھەمووی ئازاد کراون.
لەبارەی کاتی گەڕانەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان (بەھرام) ئاشکرای کرد، چوارەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە ناونووس کراوە و، ئامادەن؛ ڕەزامەندیی تورکیایش وەرگیراوە؛ تەنیا ماوە بکەونە ڕێ بەرەو کۆبانێ و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم حەفتە، بگەنە کۆبانێ و، ئێمەیش بگەڕێینەوە ھەرێمی کوردستان، پشوویەک بدەین.
