ئاگادارییەك لەوەزارەتی تەندروستییەوە بۆ هاوڵاتیانی هەرێم
سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی كوتانی مناڵان دژی نەخۆشییەكانی سورێژە و ئیفلیجی دەستپێدەكات، لەوبارەیەوە وەزیری تەندروستی داوادەكات لەدایكان و باوكان منداڵەكانیان بكوتن.
د.رێكەوت حمەرەشید لەسەر ئەو هەڵمەتی كوتانە پەیامێك دەداتە دایكان و باوكان و رایدەگەیەنێت: بەكوتانی منداڵەكانتان داهاتویەكی تەندروست و گەشیان بۆ دابین بكەن.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵدەستێت بەئەنجامدانی هەڵمەتەكانی كوتان دژی نەخۆشیەكانی سورێژە و ئیفلیجی منداڵان لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەرۆژانی 22/2 تا 5/3 لەپارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی كەماوەی 12 رۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوكات لەرۆژانی 22/2 تا 10/3 لەپارێزگای دهۆك كە ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، هەڵمەتەكە بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم كە وێنەیەكی بۆ خەندان نێردراوە، هاتووە: كوتانی سورێژە لە 9 مانگ تا 5 ساڵ دەگرێتەوە كەپێویستە 673052 منداڵ بكوترێن.
كوتانی ئیفلیجی لە یەك رۆژ تا 5 ساڵ دەگرێتەوە كەپێویستە 765965 منداڵ بكوترێن لەرێگەی تیمەكانی سەربەوەزارەتی تەندروستی كەژمارەیان 1144 تیمە و لەلایەن 2590 كارمەند لەرێگەی 220 سەرپەرشتیار دەستپێدەكات، هاوكات تێچووی ئەم هەڵمەتانە 741195 دۆلارە.
ئەم هەڵمەتە تەواوی پەنابەران و ئاوارەكانی نیشتەجێی هەرێم دەگرێتەوە كە ژمارەی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ ئیفلیجی 21927 منداڵ و بۆ سورێژەش 16778 منداڵن.
بۆ راگوێزراوەكانی نیشتەجێی هەرێمیش بۆ ئیفلیجی 306644 منداڵ و بۆ سورێژە 262931 منداڵن.
وەزارەتی تەندروستی داواكارە لەدایكان و باوكان، منداڵاكانیان بكوتن و بەدەنگ تیمەكانی كوتانەوە بچن بۆئەوەی دوور بن لەو نەخۆشییانە تا داهاتوویەكی تەندروستیان هەبێت.
