وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی میحوەرەكانی هێزەكانی پێشمەرگە كۆبوونەوە
ئەمڕۆ مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بە ئامادەبوونی ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزارەت و فەریق جەمال محەمەد سەرۆكی ئەركان و بەرپرسی تەواوی میحوەرەكانی هێزی پێشمەرگە و ژمارەیەك لە ئەفسەرانی وەزارەتەكە و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كۆبوونەوەی بەرفراوانیان ئەنجامدا.
وەزیری پێشمەرگەش ڕایگەیاند" ماوەی چەند مانگێكە چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بە بێ بیانوو بەرەی جەنگی خۆیان گواستۆتەوە بۆ سەر سنورەكانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردییەكانی تری رۆژئاوای كوردستان و دەستیان كردووە بە شاڵاوێكی دوژمنكارانە."
وتیشی، هێزەكانی پێشمەرگە لە تەواوی میحوەرەكانی شەڕدا توانیویانە بەڕادەیەكی بەرچاو جوڵەی هێزەكانی دووژمن پەك بخەن و زەرەر و زیانێكی گەورەی گیانیان پێیبگەیەنن.
وەزیری پێشمەرگە باسی لە هەوڵەكانی وەزارەتەكەشی كردووە بۆ باشتر كردنی باروگوزەرانی پێشمەرگە و بەرەو پێش بردنی پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و لەلایەكی دیكەشەوە باسی هەوڵەكانی وەزارەتەكەی كردووە بۆ دەستەبەركردنی چەك و پێداویستیەكانی هێزەكانی پێشمەرگە.
