هەڵگورد حیكمەت: حەشدی شەعبی لە سنووری كەركووك جێگیرنەكراون
هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێزێك، کە بیەوێ سنووری باشووری كوردستان، گوتی" قسەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەمووی فەرمانە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە حوكمی ئەوەی سەرۆكی هەرێم كوردستان فەرماندی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستانە و ئەوەی سەبارەت بەو پرسە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی كردووە، دیارە و هیچ زیادەیەك لەسەر بڕیارەكانی نییە بۆ بوونی هێزێكی دیكە لە سنووری كوردستان، قسەكانی بە روونی لە كەركووك كرد".
لەسەر ئەوەی ئەو هێزەی لە دوو رۆژی رابردوو هاتوونەتە ئەو سنوورە و تۆڕی میدیایی رووداویش راپۆرتێكی لەسەر هاتنی ئەو هێزە بڵاوكردەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، "هیچ هێزێك لە سنووری كەركووك جێگیر نەبووە و پێمانوانییە، كە بیانەوێت كێشە بۆ ئێمە دروست بكەن، چونكە ئەوە بڕیارێكی زۆر نالۆژیكییانەیە، پێشمەرگە ئەمری واقیعە و ناوچەكەیش ناوچەی خۆیەتی و خوێنی تێدا رشتووە".
ئەو هەروەها گوتی، "پێدەچێت ئەوان ئەجێندایەكی دیكەیان هەبێت و دووریش نییە، كە خواستیان هەبێت بە شێوەیەك لە شێوەكان، لەو ناوچانە ئەوانیشی لێبن، بەڵام ئەوە بابەتێكە و رادەی جێبەجێ بوونی ئەو خەونانەی ئەوانیش بابەتێكی دیكەیە".
سەبارەت بە گەیشتنی چوار هەلیكۆپتەری ئیتاڵی لە جۆری (چنوك) بۆ هەرێمی كوردستان، هەڵگورد حیكمەت گوتی، "تاوەكو ئیستا نەگەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان".
رووداو
