سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کونسوڵی ئوردن لە هەولێر کرد
لە دیدارەکەدا سەرەتا کونسوڵی ئوردن خۆشحاڵی خۆی بە دیدارەکە دەربڕی و سوپاسی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە لەماوەی کارکردنیدا لە هەولێر هاوکار و پشتیوانی بوونە. هەروەها بە بایەخەوە باسی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد و سوربوونی وڵاتەکەی لەسەر پاراستن و پەرەپێدانی زیاتری ئەو پەیوەندییانە کردەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی لە کونسوڵی ئوردن کرد کە لەماوەی کارکردنیدا لە هەولێر ڕۆڵی باشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئوردن بینیوە و جەختیشی کردەوە کە ڕەوشی ئێستای ناوچەکە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی زیاتر هەیە و ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئوردنیشی بەرز نرخاند.
سەرۆک بارزانی هیواشی خواست کونسوڵی ئوردن لە کاری تازەیدا سەرکەوتوو بێت.
