سەرۆک بارزانی: گەلی كوردستان بۆیان دەركەوت كە دۆستێكی مەزنی وەك فەڕەنسایان لە پشتە

سەرۆک بارزانی: گەلی كوردستان بۆیان دەركەوت كە دۆستێكی مەزنی وەك فەڕەنسایان لە پشتە
-(سەرۆک بارزانی) لە پێشوازی سوپاسالاری فەڕەنسا رایگەیاند کە، گەلی كوردستان بۆیان دەركەوت كە دۆستێكی مەزنی وەك فەڕەنسایان لە پشتە..هاوکات سوپاسالاری فەرەنسا رایگەیاند کە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدان و هاوكاری و مەشقپێكردنی پێشمەرگە و هەتا لەناوبردنی داعش پابەندی ئەو هاوبەشی و یارمەتیدانە دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سوپاسالاری فەڕەنسا (ئادمیڕاڵ پیێڕ دی ڤیلیڕس) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای فەڕەنسا جەنەڕاڵ (دی سێت كوێنتین) و (ئاڵێن جوپڕێت) كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای فەڕەنسا.
لە دیدارەكەدا سوپاسالاری فەڕەنسا ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی وڵاتەكەی و هێزی پێشمەرگەی بە باش وەسفكرد و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە شەڕی تیرۆریستان شەڕێكی هاوبەشی هەموومانە و سوپای فەڕەنساییش بەردەوام دەبێ لە یارمەتیدان و هاوكاری و مەشقپێكردنی پێشمەرگە و وڵاتەكەی هەتا لەناو بردنی داعش پابەندی ئەو هاوبەشی و یارمەتیدانە دەبێت. هەروەها جەختی لەوەیش كردەوە كە ئەو میتۆدەی تیرۆریستان بانگەشەی بۆ دەكەن بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گەل و سەرۆك و سوپای فەڕەنسای كرد و ئاماژەی بە هاتنی سەرۆك هۆڵاند بۆ كوردستان كرد و ئەو سەردانە كە لە كاتێكی زۆر هەستیاردا ئەنجامدرا بە دووپاتكردنەوەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستانی لەقەڵەمدا ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان بۆیان دەركەوت كە دۆستێكی مەزنی وەك فەڕەنسایان لە پشتە. (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە ڕووداوە تیرۆریستییەكانی پاریس و كۆپێنهاگن و شوێنەكانی دی جەختی لەوە كردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە و تیرۆریستان لە هەر شوێنێك دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت دەست لە وەحشیگەری ناپارێزن بۆیەشە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە ئەركی هەموو لایەكە. لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی سەرەتاكانی سەرهەڵدانی داعش و چۆنییەتی گەشەكردن و پەلاماردانیان بۆ سەر كوردستان كرد و ئەوەی خستەڕوو كە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگە پەلاماری تیرۆریستان تێكشكا و پێشمەرگە ئوستوورەی داعشی شكاند و 15000 كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش ڕزگار كردووە. (سەرۆك بارزانی) هێمای بە كردەوە قێزەوەنەكانی تیرۆریستان دا و ئەوەی بۆ شاندی میوان باس كرد كە تیرۆریستانی داعش پشت بە هزری تەكفیری و جیهادی و هزری شۆڤینی دەبەستن و ئەم جۆرە بیركردنەوەیە نامرۆڤانەیە هیچ ئاییندەیەكی نییە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و چۆنییەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای فەڕەنسا بۆ شەڕی دژی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دانیشتنەدا ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم (مەسرور بارزانی) و وەزیری پێشمەرگە و (مستەفا سەید قادر) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم (فواد حوسێن) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت (فەلاح مستەفا) و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە (ئەنوەر حاجی عوسمان)و (جەعفەر شێخ مستەفا) و فەریق (شێروان عەبدوڵڕەحمان) و فەریق (جەبار یاوەر) ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.
Top