لێدوانی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە مووچە و سەردانەکەی بۆ بەغدا

 لێدوانی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە مووچە و سەردانەکەی بۆ بەغدا
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، بەغدا بە دوای یاسای موزەنەدا ناڕوات و موفلیسیشە. گوتیشی هەردوو لا بە ڕێککەوتنی نێوانیانەوە پابەندن، بەڵام هێشتا نازانن کە بەغدا چۆنچۆنی ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات، هەڵبەت هەر لایەکیش وابەستەی ڕێککەوتنەکە نەبوو، ئەوا دەتوانێ لێی بکشێتەوە.


لەو پرێسکۆنفڕانسەدا کە ئەمڕۆ دووشەممە لە وەزارەتی کارەبا سازی دا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، قورسایی زۆری داراییمان لەسەرە و ئەم پرسەیش بە خۆپێشاندان و چوونە سەر شەقام چارە ناکرێ، دیارە کە دەمانەوێ و هەر هەوڵێک دەدەین کە مووچە دابین بکەین.

هاوکات (نێچیرڤان بارزانی) ڕوونی کردەوە، ڕێککەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر بوودجە و یاسای موازەنەی ٢٠١٥ـیە، کە وا ڕێککەوتووین ٢٥٠هەزاری هەرێم و ٣٠٠هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووکیان بۆ بگوازینەوە.
ڕاشکاوانەیش دەڵێ، بەغدا موفلیسە. ئەوان بە دوای یاسای موازەنەدا ناڕۆن کە دەبێ ترلیۆنێک ٢٠٠ملیار بدەنە هەرێم و ئەوان ئێستا دەڵێن دەبێ بزانین کە داهاتی عێراق چەندە، ئینجا پارەی هەرێم دەدەین.
(نێچیرڤان بارزانی) زیاتر ڕوونی کردەوە، هەڵبەت قانوونی موازەنە ئێستا چ مانایەکی نییە. وەک ئەوان حێسابیان کردووە ڕیقەمێکی کەمە. چونکە ئەوان دەیانەوێ بزانن داهاتی مانگانەیان چەندە و ئینجا پارەی هەرێمی کوردستانی لێ بدەن و دەبێ چەندی بدەن.
(نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی کردەوە، ئێمە پابەندی ڕێککەوتنین و بەغدایش هەروا. چونکە بەم سەفەرە بۆمان دەکەوت کە هەم ئێمە و ئەوانیش پابەندین؛ بەڵام قەیرانی دارایی لە عێراقدا هەیە و ئەمەیش گرفتەکەیە. ئاخر، نرخی نەوت١١٠ دۆلار بووە و ئێستا ٥٥ دۆلارە، ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەو قەیرانە داراییە، ئاخر سەدا ٩٥ـی داهاتی عێراق لەسەر نەوتە؛ بێگومان ئەمەیش گرفتەکەیە.
دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی ژێردەستی داعشیش گوتی، ئەمە دەبێ ڕووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکرێتەوە. ڕێککەوتنی ئێمە لەگەڵ بەغدا بەو شێوەیەی کە ئەگەر ئەوان پێیەوە پابەند نەبن، ئێمە هەڵوێستی ترمان دەبێ.

پێوەست بە وابەستەیی هەریەکەیشیان بە ڕێککەوتنی نێوانیانەوە گوتی، لە یاسای بوودجەدا هاتووە، ئەگەر نەوت نەدەین، ئەوانیش پارە نادەن. هێشتا ئێمە لە گفتوگۆداین و بزانین، چۆنچۆنی جێبەجێ دەکرێ. لە ئەگەری جێبەجێنەبوونیی هەوڵی تر دەدەین.
دەربارەی هەوڵی حکوومەتی هەرێم بۆ ئازادکردنی ئەو پێشمەرگانەی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە و گیراون، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، بۆ ئازادکردنی گیراوانی پێشمەرگە، کار دەکەین، هەوڵی جیددی هەیە تا ئەو ئازایزانە بگەڕێنینەوە.
دەربارەی بابەتی سووتەمەنییش گوتی، حکوومەت ساڵانە ٣ ملیار دۆلار دەداتە کەرتی کارەبا، سەرباری ئەوەیش کێشەی کارەبا بەردەوامە. هەڵبەت کولتوورێکی خراپیش هەیە کە زیاد بەکارهێنانی کارەبایە. گوتیشی، دەبێ ئەم بڕی پارە دیاریکراوە کەم بکرێتەوە، چونکە ناشێت ئەو مەبلەغە زۆرە هەر وا بڕوا.
دەربارەی کەرتی نەوتیش دەڵێ، حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێ لە پێشخستنی پیشەسازیی نەوت، ئەولەویەتیشمان دابینکردنی مووچە و بوودجەی شەڕی داعش دەبێ.
هەروەها رایگەیاند، بێئەوەی خواستی ئێمە بێ، بووینەتە بەشێک لەو شەڕەی لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، کە ڕۆڵەکانمان خوێنی خۆیانی لەپێناو دابینکردنی ئارامی و ئاساییشدا ببەخشن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانیش جەختی کردەوە، هەموو هەوڵێک دەدەین و مووچەی فەرمانبەران نافەوتێت، بەڵام دڵنیایان دەکەمەوە کە مووچە دەرێ، بەڵام دواکەوتن هەیە. چونکە بەگدا بەڵێنی داوە کە بڕێک پارە لە مانگی یەکدا بنێرێ بەڵام لە ئاست چاوەڕوانییەکانماندا نییە.

لەبارەی کۆبوونەوەیشیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و باسی مووسڵەوە، گوتی، بە گشتی باسی مووسڵمان کردووە، بەڵام بە تایبەت و چڕی قسەمان لەبارەوە نەکردووە، چونکە هێشتا هیچ پلانێکی تۆکمە و ڕای خۆمانمان لە بارەوە دابێ هێشتا شتێکی وا نییە، چونکە ئێمە نامانەوێ هەر هاوکاری و هەماهەنگیێکی ئێمە ببێتە هۆی دووبەرەکی و شەڕێک لەگەڵ عەرەبی ناوچەکەدا.

Top