كێشەی ئۆكرانیا یەكلاببێتەوە، رووسیاش بەشێوەی ئەمری واقیع بەشێكی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە داببڕێت

كێشەی ئۆكرانیا یەكلاببێتەوە، رووسیاش بەشێوەی ئەمری واقیع بەشێكی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە داببڕێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پڕۆفیسۆر ریچارد نید لیبۆ لە زانكۆی دۆرتمۆس بۆ گوتى: هیچ گومان لەوەدا نییە كە پەیوەندییەكانی نێوان رووسیا و رۆژئاوا بەرەو خراپبوون دەچن، ئەگەرچی هێشتا رێگەیەكی دوور و درێژیان لە پێشە بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی ئەو بارگرژییەی كە لە رۆژگاری شەڕی سارد لە ئارادا بوو. رۆژئاواش بەشێكی بەرپرسیارێتی ئەو بارگرژییەی بەردەكەوێت، لەبەر ئەوەی ناتۆی پتر بەرفراوان كرد بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتدا و هەروەها لەسەرەتادا پشتیوانی جۆرجیای كرد. پێدەچێت پۆتین بە هەر ئامرازێك بێت بیەوێت دەستڕۆیشتوویی رووسیا لە نزیك سنوورەكانی دابمەزرێنێتەوە، بارگرژییەكانیش زیاتر دەبن ئەگەر دەست بەسەر بەشێكی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیادا بگرێت. ئەگەری ئەوە هەیە زیاتر وەك قەوارەیەكی نیمچە سەربەخۆ- كە دەوڵەت نەبێت- پارێزگاری لەم ناوچەیە بكات، بە چەشنی ترانزنیستیریا.

ریچارد نید هەروەها گوتی: من وای دەبینم كە ساڵی داهاتوو یاخود دوو ساڵی داهاتوو تەواو هاوشێوەی ئەمساڵ بن. پێشبینی ئەوە دەكەم وردە وردە كێشەی ئۆكرانیا یەكلا ببێتەوە، كە رووسیا بەشێوەی ئەمری واقیع بەشێكی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە داببڕێت، بەڵام نەك بیكاتە بەشێك لە وڵاتەكەی. داعش خاك و دەستڕۆیشتوویی خۆی لەدەست دەدات بەهۆی ئەو بەرهەڵستییەی لەسەر ئاستی مەحەلی رووبەڕووی دەبێتەوە، هاوشان بە پشتیوانی رۆژئاوا بۆ ركابەرەكانی. ئێران دوودڵ دەبێت لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە، ئەویش بەهۆی دابەشبوونە ناوخۆییەكانیەوە و ئەمریكا جڵەوی ئیسرائیل دەكات لە ئەنجامدانی هەر كردەوەیەكی پێشوەختە.

شایانی باسە نید هەروەها گوتی: ئەوروپا سەرقاڵ دەبێت بە قەیرانە ئابوورییە بەردەوامەكەیەوە. جۆرێك لە رێككەوتن لەگەڵ یۆنان و وڵاتانی دیكەی باشووری یەكێتی ئەوروپادا دەكرێت. رەوشی ئابووری بەردەوام بەرەوپێش دەچێت، بەڵام بە رەوتێكی لەسەرخۆ. بەریتانیا لەلایەن هاوپەیمانێتییەكەوە حوكمڕانی دەكرێت، كە پێكدێت لە پارتی كرێكاران و پارتی ناسیۆنالیستی سكوتلەندی. ئەگەرچی ئەمە پێویستی بە دوو هەڵبژاردن دەبێت تاوەكو رووبدات. ئەگەر گرفتی تەندروستی روونەدات، ئەوا هیلاری كلینتۆن دەبێتە كاندیدی دیموكراتەكان و سەرۆكایەتی دەباتەوە، كە تا راددەیەكی كەم سیاسەتێكی دەرەوەی توندتر دەگرێتەبەر بە بەراورد بە باراك ئۆباما، وڵاتانی ئاسیا بەردەوام لە ململانێدا دەبن لەبارەی ئەو دوورگانەی ناكۆكییان لەسەرە، ئەگەر بەخت یاوەر بێت، ئەوا نە چین و نە ژاپۆن و نە ڤێتنام كارێكی هەڵەشە ئەنجام نادەن.






بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1014)
Top