هێشتا ئەمریكا پێداگری لەسەر ئەو وەهمە دەكات كە دەتوانرێت عێراق ببێتەوە بە دەوڵەت و قابیلی ژیان بێت
جیم بەتەرفێلد هەروەها گوتی: رۆژئاوا خۆی لە پێگەیەكی نالەباردا دەبینێتەوە. لەلایەكەوە خۆشحاڵە بەوەی پێشمەرگە بەرەنگاری داعش ببێتەوە و ئەم تەحەددییە بگرێتە ئەستۆ، لەلایەكی دیكەوە نایەوێت پەرە بە دەوڵەتی كوردی بدات. هۆكارەكان ئاڵۆزن، بەڵام رەنگە ئاماژەكردن بە دووانیان بەس بێت. توركیا هاوپەیمانێكی ستراتیژی و ئەندامی ناتۆیە و سەرسەخەتانە بەرهەڵستی دەوڵەتی كوردی دەكات. هێشتا رۆژئاواش-بەتایبەتی ئەمریكا- پێداگیری لەسەر ئەو وەهمە دەكەن كە دەكرێت عێراق ببێتە دەوڵەتێكی قابیلی ژیان.
جیم لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ئایین دیاردەیەكی ئۆرگانییە كە بەپێی هێزە كۆمەڵایەتییەكان گەشە دەكات و گۆڕانكاری بەسەردا دێت لەو كۆمەڵگەیانەدا و هەروەها لە نێو ئەو گروپانەدا كە پەیڕەوی لێدەكەن. بەو شێوەیەی ئێوە پرسیارەكە دەكەن ئەوا ناكرێت چاكسازی ئەنجام بدرێت، ئەویش لەبەر دوو هۆكار: یەكەمیان هیچ ئایینێك- لە نێویاندا ئیسلام- بەڕاستی یەك ئایین نییە. لە نێو هەموو ئایینە مەزنەكانی جیهاندا فرەییەك هەیە كە جیاوازییەكی عەقیدەیی گەورەیان هەیە، تەنانەت لە نێو پەیڕەوانی یەك ئایینیشدا. كەواتە پێویستە چاكسازی لە چ ئایینێكدا بكرێت؟ كام قوتابخانەی ئیسلام؟ كام تەفسیری هەر یەكێك لەو قوتابخانانە؟ خاڵی دووەم ئەوەیە كە پێویستە گۆڕانكاری لە بیروباوەڕی ئایینیدا تەنها لە ناوەوەڕا سەرچاوە بگرێت. بە رەچاوكردنی ئەوەی وترا، سارا چایەس كتێبێكی بڵاوكردۆتەوە بە ناوی «دزەكانی دەوڵەت: بۆچی گەندەڵی هەڕەشە لە ئاسایشی جیهانی دەكات،» لەوێدا ئەوە دەخاتەڕوو كە چۆن گەندەڵی ریشەی زۆرێك لە توندڕەوی جیهانە. چونكە ناڕەزایەتی دروستدەكات كە بوار بۆ توندڕەوەكان دەڕەخسێنێت كە سوود لە نائومێدی و تووڕەیی خەڵكە ئاساییەكە وەربگرن. گەندەڵیش پرسێكە دەكرێت چارەسەر بكرێت.
لە كۆتاییدا بەتەرفێلد ئاماژەی بەوە كرد كە : سەرەڕای گرژیی قووڵ و بەردەوامی نێوان رووسیا و رۆژئاوا، بەڵام هێشتا چەند زەمینەیەك هەن بۆ هاوكاریكردن. بۆ نموونە شەڕی تیرۆریزم. وەك رێگەگرتن لە ئێران تاوەكو نەبێتە خاوەنی چەكی ناوەكی، چونكە نە رۆژئاوا و نە رووسیا خوازیاری ئەوە نین.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1014)
